مەوعیزەی نوسەر

ئاسۆ عەبدولەتیف
گرفتی مەوعیزە هەر ئەوە نییە فۆڕمێک بێت لە خاکەڕایی و عیبادەت و ملکەچبوونی ئەویتر بەکۆمەڵێک سروت و ئامۆژگاری و یەقین و تەڵقیندانی خەڵکی ڕەشۆک و پێچرابێت بە ئاین و ئاینزایەکەوە لە مزگەوت و کەنیسەیەکدا. گرفتێکی تری مەوعیزە ئەوەیە ناکۆتا خۆی بەحەق دەزانێت و ناکۆتا بە نوێنەرایەتی خودا قسە دەکات و دەق و ئاخاوتنەکان هەموو سەدبارەن بۆ بیرخستنەوە، لەو مەوعیزە دینیەدا خودا کە موقەدەسە تۆش خۆت بەو موقەددەسە دەزانی و وێنا دەکەیت و ئەوەش قوفڵدانی عەقڵە. 

نوسەری وا پەیدا بوون لە پێناو دەرکەوتن و ناوبانگ و ئایکۆنیزمدا ڕێک بوونەتە مەلاو واعیزی دینی و خەریکی مەوعیزەو ئامۆژگاریی و فەتوای کۆمەڵایەتی و سیاسی و گەشەپێدانی مرۆیین بەناوی زانست و کۆمەڵگای ئازادەوە، لەهەموو پرسێکدا قسەدەکەن قسەی بێمانا، لەخۆیانەوە بەرگری لەم و ئەو دەکەن بەرگری بێمانا، بۆئەوەی بێتە ئایکۆن هەموو ڕێگایەکی گەوجاندنی نەشیاو و شۆکردن و مەوعیزەیەک بەکاردەهێنێت، خەڵک و خوێنەر دەگەوجێنن بۆ بەسەنتەرکردن و سوپەرمانکردنی خۆیان. بەم ڕۆژگارە خەریکی نەفیکردن و تەڵقیندانی ئەویترن، خەریکی لەکەدارکردنی ئاین و بەها کۆمەڵایەتیەکانن بەڵام بە جوینەوەو تەقلیدی گوتاری مەزهەبی بێ ئەوەی بزانن کەوتەنەتە ناو چ بیابانێکی وشکەوەو کەس گوێیان بۆ ناگرێ، تۆ کە: هیچ هیچ لە جێندەرو یەکسانی تێناگەیت و بانگەشەی بۆدەکەی، سیمیناری بۆڕێک دەخەی، ڕیشە فیکریەکەی هەر نازانی چییە، ئەوەندە موحافیزکاریت سینەماو مەلەوانگەیەکی پیاوانەش ڕەد دەکەیتەوە، دەی بۆچی دەکەویتە بەرگریکردنی کوێرانە لێی هەر لەبەر ئەوەی بڵێن تۆ دیموکراسخوازو قەڵەمێکی ئازادیخوازیت؟ دەی ئەوە کەڵکی چییە واعیزی قەومی و جێندەریزمی لاساییکەرەوە. 

تۆ بیروڕایەکت هەیە نوقتە سەری دێڕ. ئیتر وەک مەوعیزەی موقەددەس مەیفرۆشە بەخەڵک، کتێبێکت چاپ کردوە نوقتە سەری دێر ئەوەندە باسی مەکە لێرەو لەوێ، سپیکەرو میوانی لە بۆنەو ئیڤێنتێکدا نوقتە سەری دێر. بۆ ئەوەندە دەیهێنی و دەیبەیت، زانکۆیەکت خوێندوە لەوپەڕی دونیا چۆن دەبێ خۆت ئەوەندە باسی بکەیت و خۆت بکەیتە ئازادیخوازو سیکولارو موقەددەس و مرۆڤی خوداڕەنگ و ئەوانیتر بکەیتە رەعیەت و ڕەشۆکی خۆت و مەوعیزەیان بۆ بدەیت، ڕۆشتیتە ئەوروپاو ئەمریکاو بڕایەوە ئیتر مانای وانییە بویت بە هۆبزو هابرمازو تۆماس فریدمان !

05/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر