ئایا گۆیژە موڵکی گشتییە؟

که‌مال چۆمانی

کێشەی گۆیژە لەوەدا نییە کۆمپانیایەک هەڵساوە بە کڕینی شاخێک، لەوەدایە موڵکی گشتی و موڵکی تایبەت لە کوردستان بۆ کۆمپانیاکان و دەستەڵاتداران\ئۆلیگارک مەوداکەی هێنک تەنک بوە حەق بە خۆیان دەدەن لەکوێدا ویستیان موڵکی گشتی مانایەکی نییە.

لە کوردستان دو شت مردون؛ فەزای گشتی و موڵکی گشتی. 

هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت باس لە هەبونی ئازادی و دیموکراسی بکا ئەگەر فەزای گشتی چالاک نەبێ و نەتوانێ گفتوگۆی شێوازی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی بکا. فەزای گشتی لەلایەن دەستەڵاتی سیاسییەوە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە. فەزایەکی مەجازی هەیە کە تێیدا گفتوگۆ دەکرێ، بەڵام ئەو گفتوگۆیە مەجازییە نابێتە رێکخستن و ناتوانێت هیچ سیاسەت\پۆڵسییەک رەنگڕێژ بکا. فەزای مەجازی لە ئاستی زۆر بچوکدا توانیویەتی گۆڕانکارییەک لەسەر رای سیاسیی دروستبکا. لە ئاستی گوتاردا توانیویەتی گوتاری باوی دەستەڵات بشکێنێ، بەڵام نەیتوانیوە لە پراکسیسدا هیچ شتێک بچەسپێنێ.

ئێلینۆر ئۆستروم، زانایەکی سیاسی و ئابوریی سیاسیی بو، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە. کتێبێکی نوسیوە لەبارەی بەڕێوەبردنی موڵکی گشتی commons. ئەو پێیوایە کۆمەڵگاکان خۆیان زۆر باشتر دەزانن چۆن موڵکی گشتیی بەڕێوەببەن و پێویستییان بەوە نییە بگەڕێنەوە بۆ دەستەڵاتێکی سێنترال بۆ ئەوەی بڕیاریان بۆ بدا لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی موڵکی گشتی.

 بۆ نمونە، کانییەک موڵکی گشتییە. ئێوە بیستوتانە لە هیچ شوێنێک کوردستاندا تەنانەت ئاغا دەرەبەگ و ستەمکارەکانیش دەستدرێژیی بکەنە سەر کانیاوێک؟ لە گوندەکان پاوان هەبون، یان هەن، هی کۆی گوندن. گوند بڕیاردەدات کە چۆن ئەو پاوانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. لە هەندێک گوند هەندێک گوێز هەن هی کۆی گوندن، کەس ناتوانێت دەستیان بەسەردا بگرێ و بەهەرەوەزی گوێزەکان دادەوەشێنن و دابەشی دەکەن بەسەریەکتریدا. رێگاکان، کەس ناتوانێ رێگاکان ببڕێ. ئاوەکان، کەس ناتوانێ رێڕەوی ئاوەکان ببڕێ. 

ئەو کۆمپانیا و ئۆلیگارکانەی پێیان وایە دەتوانن لە خەڵک باشتر بڕیاربدەن لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی موڵکی گشتیی، هەڵەی ستراتیجی دەکەن. هەر بڕیارێک لەبارەی موڵکی گشتییەوە، نابێ بێ هەبونی رای خەڵک بێ. خەڵک لەڕێی فەزای گشتییەوە، خەڵک لەڕێی نوێنەرەکانی ئەنجومەنە خۆجێییی و پارلەمانەوە.

بە هەزاران ساڵە گوندەکان بەباشی خۆیان رێکخستوە، رێیان نەداوە ئیکۆسیستەمی ناوچەکانیان تێکبدرێ. بەڵام کۆمپانیاکان دێن و ئیکۆسیستەم تێکدەدەن بە ناوی جوانکردنی شارەوە. یان کۆمپانیاکانی نەوت دێن و کانیاوەکان وشکدەکەن. ئەوە نیشانیدەدات سیستەم چەند توندوتیژە. توندوتیژی هەر ئەوە نییە خەڵک بکوژی، وێرانکردنی ئیکۆسیستەم توندوتیژییە. بەشدارینەکردنی خەڵک لە دروستکردنی بڕیارەکاندا، کوشتنی دیموکراسییە. 

ئەوەی رودەدات لە کوردستاندا، لە گۆیژەدا زۆر زەق بۆتەوە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە، بەڵام ئەوە لە ١٩٩١ەوە رودەدات. موڵکی گشتی بۆتە موڵکی دو حیزب، ئەو دو حیزبە و کۆمپانیاکانیان بڕیاردەدەن چۆن موڵکی گشتی بەڕێوەببرێ نەک خەڵک، نەک ئەنجومەنە خۆجێیییەکان، نەک پارلەمان، نەک دابونەریتی خەڵک، نەک سیاسەتێک لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە، نەک هەوڵدان بۆ رێگرتن لە زیاتر وێرانبونی ژینگە و گەرمبونی زەوی.

پرسیار بۆ دەستەڵاتدار و کۆمپانیاکانی سلێمانی؛ ئەگەر گۆیژە موڵکی گشتییە، لەکوێدا و چۆن رای گشتی وەرگیراوە بۆ بڕیارێکی وا؟ 
بەڵام پرسەکە تەنها گۆیژە نییە، پرسەکە لەو رۆژەوە دەستپێدەکات کە <<شۆڕشگێڕان>>ی دوێنێ لە ١٩٩١ یەکەم کاریان، دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی بو. مەسعود بارزانی سەری رەشی داگیرکرد کە شوێنێکی گەشتیارییە. جەلال تاڵەبانی و کۆی ناوەکانی تر، موڵکی گشتییان داگیرکرد. گۆیژە بە بەراورد بە ئەوەی لە ٣٣ ساڵی رابردودا کراوە، دڵۆپێکە لە دەریایەک. ئەگەر باسکردنی گۆیژە ببێتە دەرفەتێک بۆ تێکۆشانێک بۆ ئەوەی پرسی چی موڵکی گشتییە و چی موڵکی حیزب، چۆن موڵکی گشتی بەدەستبێنینەوە و رێ لە دزینی زیاتری بگرین، ئەوە هەڵمەتێکی باشە. ئەگەر نەبوە هۆی ئەو دیبەیت و تێکۆشانە، دیسان یەک هەڵمەتی شکستخواردوی دیکەیە وەک زۆربەی هەڵمەتە شکستخواردوەکانی دیکە.

30/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر