پیرۆز بێت ساڵڕۆژی سپی میدیا

بارزان شێخ عوسمان

بەڕێزان کاك شوان محمد و 

هاوکارانی لە سپی میدیای ئازیز 

بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەزگا میدیایی و پێگە ئازا و ئازاد و راستگۆکەی سپی میدیاوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم . 
سپی میدیا سەرباری ئەوەی روی سپی و جوانە لە نێو میدیای ئەلکترۆنییدا ، وەك روی پەڕەش سپییە و نوسینی هەمو قەڵەمێکی ئازاد و ئازا دەگرێتە خۆی . 

راستە تا ئێستا لە ناوچەکە بە گشتیی ،لەهەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق خۆیشی،بە تایبەتیی  ئەو فەزا و مەودا ئازادییە لە ئارادا نییە ، بەڵام پێگەیەکی وەك سپی میدیا  توانیویەتیی بوارێك بڕەخسێنێت  تا قەڵەمە ئازا و ئازاد و راستگۆکان  بێنە گۆ و راستییەکان بدرکێنن . سپی میدیا قۆرخی هیچ ئایدیا و مەدرەسەیەکی سیاسیی و ئایدۆلۆژیای تایبەت نییە ، لەوپەڕی ئیسلامیی تا ئەوپەڕی بێ باوەڕیی  قسەی خۆیانی تیادا دەکەن لە چوارچێوەی پیشەیی بونی  رۆژنامەگەرییدا .بۆیە ئێمەومامانیش هەمیشە بۆی دەنوسین و بینەر و خوێنەری هەمیشەیین . 

سپی میدیا بە رەچاوکردنی عورفی رۆژنامەگەریی بەردەوامە لە سەر رێچکەکەی خۆی کە خستنە روی راستییەکان و  فراوانکردنی پانتایی بیرو ڕای ئازاد و رێزگرتنی  بۆچون و جیهانبینیی بەرامبەرە. 

بەندە وەك خوێنەر و هاوکارێکی ئەم پێگە ئازیزە هیچ کاتێك هێڵی سورم بۆ نەکێشراوە لە بڵاو کردنەوەی نوسینەکانمدا ،ئەوەش هانم دەدات کە رۆژانە سەردانی بکەم و هەواڵ و بابەتەکانی بخوێنمەوە . 

هیوادارم سپی میدیا هەر لە گەشە و پێشکەوتنی زیاتردا ببینین  تا خزمەتی زیاتری ئازادیی بیرو ڕا بکات . دوبارە پیرۆزبایی لە خۆمانی خوێنەر و سەرنوسەر و دەستەی بەڕێوەبەران و تەکنیسینەکانی سپی میدیا دەکەم هەر سەرکەوتو بن .

بارزان شێخ عوسمان


14/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر