دەبێت ئێوەی ئیخوانچیش بۆتان نەبێت باسی راپەڕین بکەن !،

بارزان شێخ عوسمان

بڕیارم دابو هیچ لەسەر راپەڕین نەنوسم ، بەڵام  یەکێك لە سەرانی ئیسلامچییەئیخوانچییەکان  ، لە لێدوانێکتدا بە بیانوی ئەوەی هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتداران ،مەرامێتی مێژوی راپەڕینەکە بشێوێنێت  گوایە  هەر  خەڵك خۆ بەخۆ راپەڕینی بەرپا کردوە کاتێك دەڵێت "گه‌لی تێكۆشه‌ر هه‌ڵسا و ڕاپه‌ڕی دژی سته‌م و سته‌مكاری و ….هتد ".   بۆیە منیش بڕیارم دا ، رێ نەدەم ئەو یش و هیچ ئیخوانچیی و تێرۆریستێکی تری مەدرەسە عروبییەکەی ئیخوان موسلمین ،زات نەکەن  خۆ هەڵقورتێنن لە مەسەلەی  خەباتی نەتەوایەتیی  و چینایەتیی گەلەکەمان ، بە تایبەتیی راپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی عێراق . 

نازانم ئەو کەسە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن  بەو جۆرە خۆڵ دەکاتە چاوان  یان چی ! (ئاخر ئێستا  پیسەکانیش دەستە پیسەکەیان بەسەری پیسی  دەسەڵاتداراندا دەسڕن ) ، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەو  دەستەواژەیە زۆر لە مێژە بوەتە بنێشتە خۆشەی بن دانی ئیخوانچییەکان،  مەرامەکەش تەنیاو تەنیا سڕینەوەی رۆڵی پێشمەرگە و رێکخستنەکانە لە پێش راپەڕیندا کە چۆن بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمە  ئامادەکاریی کرا بۆ دەستپێکردنی راپەڕین لە سات و هەلومەرجی گونجاودا .

بەڵێ نەك هەر راپەڕین بەڵکو تەواوی بزوتنەوەی کورد لەسەر رەنج و قوربانیدانی جەماوەری گەلەکەمان بوە ، راپەڕینە مەزنەکەش   بە هێز و هیمەتی جەماوەری گەلەکەمان بە هەمو چین و توێژەکانییەوە  بەرپا کرا ،بەڵێ ئەگەر ئەو جەماوەرە بەشدار نەبوایە ،پلان و بەرنامەی راپەڕین  جێبەجێ و سەرکەوتو نەدەبو ، بەڵام هێزە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە   لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا سەرکردایەتییان دەکرد (حزبی شیوعی ،حزبی سۆشیالیست ،پارتی سۆشیالیست ، پارتی دیموکراتی گەل ،  بزوتنەوەی ئاشوریی ،زەحمەتکێشان ، چەپەکانی کوردستان هەر لە کۆمۆنیستەکانەوە تا رەوت و باڵە جیاجیاکانی تریشیان ، بزوتنەوەی ئیسلامیی .  پارتی دیمکراتی کوردستان و ی ن ك ).

مەرامی ئەم ئیسلامچییە ساختەچییانە لە دەستەواژەی (گەل راپەڕینی کرد ) لەبەر خاتری چاوی گەل نییە ،هەم بۆ فریودانە ،هەم بۆ سڕینەوەی  ئەو لاپەڕە مێژوییەی خەباتی هێزە کوردستانییەکانە لەو.  وەرچەرخانە گەورەیەدا ،سڕینەوەی  رۆڵی هێزێکی ئیسلامیی وەك بزوتنەوەی ئیسلامییشە  سەرباری ئەوەی ئەویش بەشێکە لە  ئیخوان . 

ئەو سەرکردە ئیخوانچییە و هیچ کام لەسەرانی ئیخوانچییەکان بۆیان نییە خۆ هەڵقورتێنن لە مەسەلەی خەباتی نەتەوایەتیی و چینایەتیی گەلی کورد ،ئیشی ئەوان بە زۆر ئیسلامیزە کردنی کوردەواریی و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە عروبییەیە کە زیاتر لە هەزار و چوارسەد ساڵە لە ناوجەکەدا لە ژێر پەردەی ئایندا سەری هەڵداوە بۆ یەکخستنی خێڵە عەرەبییەکان و کۆکردنەوەیان لە نێو بۆتەی یەك نەتەوە و یەك نیشتمان هەروەك زۆربەی  سەرانی ئیخوانچیی و قەومچیی عەرەبیی لەوانە میشیل عفلق ئاماژەیان بۆ کردوە . ئاخر ئەو کاتەی کۆمەڵانی خەڵك  لە گەرمەی خەباتدا بون ، ئەو ئیسلامچیانە لەگەڵ رژێمەکەی سەدامدا پەنجەیان نەرم دەکرد  و سەربازیی کردنیان لە قادسیە بە واجبی دینیی و سەرکەوتن بەسەر فورسی مەجوسدا  دەناساند و نزای سەرکەوتنی سەدامیان دەکرد ،. ئەرك و ئیشی ئەوان پشتیوانیکردنە لە ئەردۆگان و داعش و قاعیدە و حەماسی تێرۆریست و  جەبهەی نەسڕە ، سڵاوات لێدانە  لە دیاری بن لادن و ئەحمەد یاسین و ئەبوبەکر بەغدادیی و زەرقاویی،ئیشی ئەوان سەپاندنی عەبا و بورقەع و مەقنەعەی  بیابانەکانی دورگەی عەرەبییە  ، نەك قسە کردن لەسەر خەباتی گەلی کورد ، ئەوە ئێمەی خەڵکی مەدەنیین ، پێشمەرگە دێرینەکانی حزبەکانن ،کەسوکاری سەربەرزی گەشمەرگەکانی کوردستانن ،نەوە و پاشماوەی ئەنفالکراوەکانن ، کە دەبێت لە دەسەڵاتداران بپرسینەوە بۆچی بە رەفتارە دزێوەکانیان گیانی راپەڕینیان لەکەدار کردوە و کارێکیان کردوە ئیخوانچییەکان  هانی خەڵك بدەن  لە هەمو پێوادانگێکی نەتەوەیی و مەدەنیی دابماڵڕێن و گاڵتە بە مێژوی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان بکەن ،ئەوە ئێمەین دەبێت  بە دەسەڵاتداران بڵێین چیتر بەرهەمی خەباتی گەلەکەمان ، خوێنی گەشمەرگەکانمان   ، قوربانیانی بۆردومانی کیمیاوی و ئەنفالکراوەکان ، بەهەدەر مەدەن و پیرۆزییەکانی خەبات نەشێوێنن،تا  نەوەکانی ئێستا نەبنە قوربانیی پیلان و تەڵەی ئیخوانچییە عروبییەکان ،کە شانازیی بە سەدام حسێن و عەلی کیمیایی و بن لادن و حەسەن بەناوە بکەن . هەر بۆیە نابێت ئیسلامچییەکان باسی راپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بکەن ، با هەر  درێژە بدەن بە   جێبەجێکردنی پرۆژە عروبییەکەی سەید قوتب  و حەسەن بەنای تێرۆریست و حەملە ئیمانییەکەی سەدام حسێنی رابەریان

05/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر