٣٢ ساڵ لەمەوبەر لە بەشە رزگارکراوەکەی ئەوێ دەمێ ی هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ یەکەمین جار دەنگدەران بە ئازادیی دەنگیان دا و نوێنەری خۆیان هەڵبژارد ، حەوت ساڵیش لەمەوبەر خەمخۆر و بەپەرۆشی سەرخستنی ئەو ئەزمونە بێ وێنەیە ، سەرکردەی گەورەی گەلەکەمان و بزوتنەوەی رزگاریخواز و دیموکراسیی کاك نەوشیروان مستەفا بۆ یەکجاریی ماڵئاوایی لێکردین .
رێکەوتی ماڵئاوایی کاك نەوشیروان لەگەڵ ساڵڕۆژی هەڵبژاردنەکە وەك ئەوەیە کە خۆی دیاریی کردبێت تا ببنە دوانە .
بەڕێزیان لەگەڵ ئەوەی سەرکردەیەکی قاڵبوی نێو خەباتی چەکدار بو ،لەو پرۆسە دیموکراسییەشدا زۆر بە لێهاتویی ، رۆڵی رێبەرایەتیی ، سەرکردایەتیی و ئاڕاستە کردنی بینی ، هەم لە پێناوی سەرخستنی پرۆسەکە بە پاك و بێگەردیی، هەم بۆ پیشاندانی وێنەیەکی گەشی حزبە سیاسییەکان لەوانە (ی،ن،ك) لە خەباتی مەدەنیی و دیموکراسییدا .
هەر لەو روانگەیەشەوە بو کاك نەوشیروان بەرپرسیارێتی گەورەی لە ئەستۆ گرتبو ،هەر لە دیاریکردنی کاندیداکانی لیستی سەوز تا ئامادەکردنی بەرنامەو هێڵە گشتییەکانی هەڵبژاردن و شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن .
کاك نەوشیروان هەر زو دوای راپەڕین و دوای پاشەکشێی ئیداریی رژێمی سەدام لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ، داوای گواستنەوەی حوکمداریی شۆشگێڕیی کرد بۆ مەدەنیی و پەرلەمانیی .
بەو پێیەی لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکە تا یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان لە خزمەت بەڕێزیاندا بوم بۆ روماڵکردنی چالاکیی ، سیمینار ، کۆبونەوە گشتیی و جەماوەرییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و بانگەشەکان .، ئەو راستییەم زیاتر و قوڵتر لا بەرجەستە بو کە (ی،ن،ك) چەندە بە جدیی ،چەندە بە پەرۆشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسیی و ئۆقرەیی و پایەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەروەر یی و باڵا دەست بونی قانون ، لە بەشێکی ئازاد کراوی خاکی کوردستاندا . ئەوەش راستگۆیی (ی،ن،ك) بو لە بەرامبەر بەڵێنەکانی دا لە سەردەمی خەباتی چەکدار کە دابوی بە گەلەکەمان بە گشتیی ، پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەکەی خۆشی لە بارەی شێوازی بەڕێوەبردن لە سەردەمی دوای خەباتی سەختی چەکداریی.
ئەوەی بەدیم دەکرد کاك نەوشیروان لە میانەی سیمینار و کۆبونەوە بەرفراوانە حزبیی و جەماوەرییەکانیدا ،زۆر بە شارستانیی و مەدەنییانە بانگەشەی دەکرد بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەنگەکان بۆ لیستی سەوز . تەنیا باسی بەرنامەکەی لیستەکەی دەکرد کە چی دەکات ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ، بەمەش ئەوەی سەلماند کە (ی،ن،ك) رێزی قانون و رێساکانی هەڵبژاردن بە پێودانگە جیهانییەکان و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەگرێت (ئاخر ئەو کاتە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبو) .
لە کۆبونەوە حزبییەکانیشدا بە هەمان نەفەسی مەدەنییانە رێنمایی پێشکەش دەکرد بە مەبەستی پاراستنی ئارامیی لە کاتی بانگەشە و خۆ بەدور گرتن لە تەزویر و شەڕە جنێو .هەمیشە ئەو قسەیەی سەرۆك مامجەلالی دوپات دەکردەوە و دەیفەرمو " ئێمە پێویستمان بە تاوانبارکردن و سوکایەتیی هیچ لایەنێك نیە ،هەر وەك مامجەلالیش دەڵێت هەر هەڵوێستە نەگۆڕ و سەروەرییەکانمان بەسە بۆ ئەوەی بە بیر دەنگدەرانی بهێنینەوە تا دەنگی پێویست بهێنین ".
ئای کاك نەوشیروان چەندە توڕە و خەمبار بو ئەو بەیانییەی ١٥ ی مەی / ئایار کە عەرزیان کرد مەرەکەبی (پەنجەکە) کاڵ دەبێتەوە و دەنگدەر دەتوانێت لە دەنگێك زیاتر بدات . توڕە بونەکەی و خەمبارییەکەی هەردوکیان بۆ ئەوە بو کە بۆچی کورد لەیەکەمین ئەزمونیدا بە ناشارستانیی ناوبانگ دەربکات ،لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری رۆژنامە نوس و سیاسەتمەداری بیانی بۆ بینینی یەکەمین پرۆسەیی لەو جۆرە لە کوردستانن ،بۆچی ببینە سینەمای داخ لەدڵان و دوژمنەکانمان و بۆچی دۆستەکانمان لێمان نیگەران بن و شەرمەزاریان بکەین .
هەر بۆیە زو کەوتە جوڵە و شانبەشانی سەرۆك مامجەلال و هەڤاڵانی تری سەرکردایەتیی و لایەنەکانی بەشدار بوی پرۆسەکە ،تا بە زوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و بە زویی لە ماوەی چەند سەعاتێکدا وادەیەکی نوێ دابنرێت . ئەوە بو لە بری ١٧ی مەی/ئایار،١٩ دیاریکرا واتە دورۆژ دواتر .
ئیتر دوای ئەوە کاك نەوشیروان زۆر گەشایەوە و پێی وتین ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە نەکرێت ئەوا خراپترین ناوبانگ بۆ خۆمان تۆمار دەکەین لە مێژودا ، چونکە ئەم هەڵبژاردنە سەرباری ناوبانگمان ،گەورەترین وەرچەرخانە لە ژیانی سیاسییماندا ،بۆ حوکمڕانیی و قانونگوزارییش بە هەمان شێوە .
دوای هەڵبژاردنیش ئەم سەرکردە خەمخۆرەی ژیانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا لە پاڵ راپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکانی وەك جێگری سکرتێری گشتیی (ی،ن،ك) یەکێك بو لە سیاسەتمەدارە دیارەکان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی قانون و ئۆقرەیی بەو پێیەی ئەوە ویست و خواست و ئامانجی خەباتی (ی،ن،ك)ە بە ئێستاشەوە .
یاد و یادەوەرییەکانی ئەم سەرکردە مەزنە هەر بە نەمری دەمێننەوە لە بیر و هزری گەلەکەماندا و ئەو سەرمایە گەورەیەی نوسین و دانراوەکانیشی وەك سەروەرییەك بۆ هەتایە لە لاپەڕەکانی مێژودا پارێزراو دەبن .