سەرۆك مام جەلالی مەزن، سیمبولی ئازادیی بیروڕا

بارزان شێخ عوسمان
بۆ شەشەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی سەرۆك مامجەلال ،لە دو وتاردا ،کە  بە هەردو زمانی عەرەبیی و کوردیی بڵاو بونەتەوە ئاماژەم بە خەسڵەتە فرە رەهەندەکانی ئەو کەسایەتییە مەزنەی  مەیدانی خەبات و تێکۆشان کردوە .کە نە لە هیچ رابەرێکی پێش خۆیدا بەدیکراوە  ،نە لە دوای خۆیشی دەبینرێت .

دوبارە وێڕای دەستخۆشیی لە  هەڤاڵە زێدە بەڕێزەکانم و دڵسۆزانی مامجەلال لە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی   دەکەم ،کە بە سەرپەرشتیی  مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆك مامجەلال ئەمساڵ مەراسیمی یادەکەی لە بەغدای پایتەخت و شاری نەجەفیش بەڕێوە دەچێت ،بەو پێیەی سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك کۆماری عێراق و  سەرکردە و رابەر و خەباتکەرێکی مەزنی  ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیش بو .کە رۆڵ و هەوڵەکانی  بەڕێزیان بو ،ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لەو پەڕی راستەوە لەگەڵ ئەوپەڕی چەپ یەک خست.

لەم وتارەدا  بۆ بەرز راگرتنی یادەوەرییەکانی ئەم رابەرە  مەزنەی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهانیش  ،دەمەوێت لە نێو دەریای فیکری ئازادیی و رێزگرتنی بیروڕای بەرامبەر لە فیکری مامی گەورەمان ، دڵۆپێك لەو باوەڕ بونە بێ سنورەی بە ئازادیی بخەمە رو .

سەرۆك مامجەلال هەر لەقۆناغی سەرەتایی خوێندندا کە هاوڕێی کتێب و نوسین بو ،خۆی ئازادانە  ئەو رێباز و رێگایەی هەڵبژارد کە رزگاریی گەلەکەی دەستەبەر دەکات ،بۆیە هەر لەو روانگەیەشەوە باوەڕی پتەوی بە ئازادیی هەڵبژاردنی رێباز و بیر کردنەوە بو . سەرۆك مامجەلال لە وێستگەکانی ژیانی سیاسیی  خۆیدا باوەڕە پۆڵاینەکەی بە ئازادیی  زیاتر پتەو بوە ،کە لە دەسەڵاتیشدا بو هەر لە مەکتەبی سیاسیی  پارتی دیموکراتی کوردستان  تا سکرتێری گشتیی (ی ،ن،ك) و سەرۆك کۆماری عێراق ،ئەو باوەڕ و پرەنسیبە نەگۆڕەی بە ئازادیی   نەك هەر وەك خۆی مایەوە ،بەڵکو شانبەشانی گۆڕانکاریی و پێداویستییەکانی سەردەم پەرەی پێ دەدا .لەسەردەمی خەباتی سەختی چەکداریی دا کە تەنیا چەك تفەنگ پێودانگ بون بۆ  گەیاندنی داوا رەواکانی گەلەکەمان ،سەرۆك مامجەلال ئازادیی بیر و ئازادیی قەڵەمی کردبوە دوانەی خەبات .بۆیە ئەگەر رۆژێکیش بە هۆی هەڵوێستێکی سیاسیی  ململانێ و ناکۆکییەك دروست بوبێت ،ئەوا  بەڕێزیان بە شێوازە ناسراوە دیپلۆماتیی و سیاسییەکەی خۆی  چاکی کردۆتەوە .هەر لەو روانگەیەوە مامجەلال هەمیشە شەڕە ناوخۆییەکانی بە شەڕی سەپێنراو و شەڕی کورد کوژە ناوبردوە ،هەر دەرفەتێکی بۆ رەخسابێت دەستی ئاشتیی گەیاندۆتە بەرامبەر .هەر کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی دامەزراند لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا،بەو نیاز و ئامانجە بو کە بیرو ڕا جیاوازەکان لە ناو نیمچە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە  لەو قۆناغەی خەباتدا. تا کۆتایی بێت بە پارتی پێشڕەو و یەك ئایدۆلۆژیا و تاکە حزبیی و تاك رەویی .لە گەرمەی خەباتی چەکدار دا  رۆمان نوسی بەناوبانگ  محمد موکری بە چیرۆکی سەگوەڕ رەخنەی لە شۆڕش گرتبو .پێشمەرگە و ئێمەی یەکێتییەکان زۆر توڕە و پەست بوین .بە بیرکردنەوەی وشکی حزبیی دەمان روانییە ئەو نوسینە .کەچی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  رێك  هەڵوێستی پێچەوانە بو ،فەرمویان  "یەکەم کەس کە کاکە  موکری پلاری تێگرتوە منم ،  بۆچی  بەو نوسینە هەڵ بچین ،مەگەر ئێمە خەبات بۆ ئازادیی و دیموکراسیی ناکەین ،ئەو گوللە ئار بی جی تێ نەگرتوین ،ئێوەش بە نوسین وەڵامی بدەنەوە ‘.

ئەوە  ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ناخی سەرۆك مامجەلال   و راستگۆییەکەی لەگەڵ  بیروباوەڕەکەیدا بە ئازادیی نەك هەر بە تەنیا قسە وتار و نوسین بێت . فەراهەم کردنی ئەو ئازادییە کاریگەریی لەسەر تەواوی پێشمەرگە هەبو ،بۆیە  هیچ پێشمەرگە و فەرماندەیەك و خەڵکی کوردستانیش سڵیان نەدەکردەوە لە بۆڵە بۆڵ و رەخنە گرتن .پێشمەرگە ئازاد بو نەچێت بۆ شەڕێك کە شەڕی ناوخۆ بێت ،ئازاد بو کە دابنیشێت و چەك دابنێت ،تەنانەت بڕواتەوە بۆ ناوشار بە مەرجێك  نەبێتە پیاو خراپ (نمونەش لەو روەوە زۆرو زەوەندە).

کاتێکیش لە دوای راپەڕین  دەرفەتەکان زیاتر هاتنە پێشەوە و دەرگا   کرایەوە لەبەردەم خەباتی سیاسیی و مەدەنیی ،سەرۆك مامجەلال پشتیوانێکی بەهێزی ئەو  بەرنامە تەلەفزیۆنیی و رادیۆیانە بو کە رەخنەی دروستیان لە دەسەڵاتی سیاسیی و حزبەکان دەگرت .پشتیوانێکی بەهێزی بەرنامەی رەخنە گری (کەشکۆڵ) بو لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان .رۆژنامەی کوردستانی نوێ ش کە (ی ،ن،ک) دەریدەکرد و ئێستاش بەردەوامە ، دەستپێشخەر بو لە ئازادیی بیرو ڕا ،چونکە روانینی سەرۆك مامجەلال  بەو جۆرە بو کە رۆژنامەکە نابێت هەر روانینی یەکتییەکان بخاتەرو ،دەبێت روانینەکانی تریش با دژ بە (ی ،ن،ک) یش بن  .دەبێت لە لاپەڕەکانی رۆژنامەکەدا قسەی ئەوانیش ببیسترێت .  دابینکردنی ئەو ئازادییە بۆ خەڵك و روناکبیر و رۆژنامەنوسە بوێرەکان ،زەمینەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی میدیای سەربەخۆی راستگۆ .سەرۆك مامجەلال لەو میانەدا زۆر هاوچەرخانە و پێشکەوتوخوازانە مامەڵەی لەگەڵ دەکردن .”ئەگەر هەواڵ و رەخنەکانیان راست بو ،سوپاسیان دەکەین و مەمنونیان دەبین ،ئەگەر راستیش نەبو راستییەکانیان بۆ رون دەکەینەوە "ئەوە روانینی سەرۆك تاڵەبانی بو لەبارەی رۆژنامەی ئازاد ،هاوکات نەریتێکی وڵاتانی پێشکەوتویشی هێنایە ئاراوە ئەویش تۆمار کردنی سکاڵا بو لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان لە ئاست هەواڵ و زانیاری نادروست و ناڕاست ،چەندین جاریش سکاڵای تۆمار کردوە و  راستیی مەسەلەکانیش بەلای خۆیدا شکاوەتەوە ،بەڵام بە لێبوردەییە ناسراوەکەی خۆی  ،پێداگریی نەکردوە بۆ گرتنەبەری لە رێوشوێنە قانونییەکان  بەرامبەر رۆژنامە نوسەکە یا کەناڵ و رۆژنامەکە .  رەنگە جاروبار لە کۆنفرانسە رۆژنامەییەکاندا یا کۆبونەوە گشتییەکاندا ، کەسێك بە جۆرێك قسەی کردبێت  بەڕێزیان بە دروستیان نەزانیبێت و   بە توڕە بونێك وەڵامی دابێتەوە ،بەڵام هەر زو بە نوکتەیەك دڵی بەرامبەرەکەی چاك کردۆتەوە .

لە  دروستکردنی سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی سلێمانیشدا ،راشکاوانە فەرموی کە با ئاڕاستە کردنی رەخنە و پلارەکان لە مامجەلالەوە دەست پێ بکات .

سەرۆك مامجەلال دژی دەمکوت کردن و قڕوقەپ پێکردن بو تەنانەت لە ژیانی حزبییشدا دژی ئەوە بو کە لە ئاست هەر بڕیار و هەنگاوێکدا هەموی هەر بە بەڵێ هەڵوێست بنوێنن .”هەر بەڵێ گۆ مەبن ،قاز ئاسا مەبن کە قازێك قێڕاندی هەمو بەدوایدا بقیڕێنن”،ئەوە وتەی بەناوبانگی بەڕێزیان بو لە ئاست گرنگیی پەیڕەو کردنی ئازادیی بیروڕا .

سەرۆك مامجەلال هەمیشە باوەڕە  چەسپاوەکەی  بە گفتو گۆ و لێك تێگەیشتن لە ئاست هەر مەسەلەیەکدا ،دوپاتدەکردەوە .جارێکیان وەفدێکی حزبێکی ئیسلامیی لای بەڕێزیان بون ،لە کاتی بەڕێکردن و خواحافیزیدا ،سەرۆکی وەفدەکە وتی مامجەلال رادیۆیەک هەیە زۆر قسە بە خوا و پێغەمبەر دەڵێت ،بەڵکو بێ دەنگی بکەن .ئەویش فەرموی "قوربان ئێوە خاوەنی ئەو هەمو مامۆستا ئاینیی و کادیرانەن ،کە داکۆکیتان پێ نەکرێت و نەتوانن بە (جادلهم بالتي احسن  ) ،راستییەکانیان بۆ رون بکەنەوە ، بە من چۆن بێ دەنگ دەبن ".
لە بەغداش لە سەردەمی سەرۆکایەتیی کردنی عێراقدا هەمان نەریتی چەسپاند ،کە زۆر جار هێزە عێراقییەکان وەك گلەیی دەیان وت  "فەخامەتی رەئیس مامجەلال  چاوی هەمویانی  کردۆتەوە”. 

بۆ سات و رۆژێکیش سەرۆك مامجەلال ناڕەزایی دەرنەبڕیوە لە ئاست ئەو ئازادییەی کە  فەراهەم کرابو .هیچ کەسێك لەسەر قسە وتن ،خستنەروی سەرنج و روانینەکانی یا  رەخنەی توند  ، چ لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یا دەرەوەی روبەڕوی لێپرسینەوە نەبوە تەوە ،بە پێچەوانەوە سەرۆك مامجەلال  لە هەر لێپرسراو و خاوەن دەسەڵاتێکی حزب یا حکومەتی دەپێچیەوە ئەگەر بیزانیایە چاوی سورکردۆتەوە لە یەکێك ،دەستبەجێش دڵی کەسەکەی دەدایەوە .مێژوی شاخ و سەردەمی  خەباتی مەدەنیش سەدان نمونەی لەو جۆرەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بە ئاوی زێڕ نوسراوەتەوە وەك سەروەرییەك بۆ باوەڕە نەگۆڕەکەی مامجەلال بە ئازادیی . یەکێتییەکانیش شانازیی پێوە دەکەن .

 هەر ئەو روانینە دیموکراسییە مرۆڤ دۆستانەیەیە ،کە سەرۆك مامجەلال لە هەمو کۆڕ و کۆبونەوەیەکی ناوخۆیی و ئیقلیمیی بۆتە سیمبولی ئازادیی و ئازادیی رادەربڕین بۆ هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵ و کوڕان و کچان و ژنان و پیاوان بێ جیاوازیی .هەر ئەو فیکر و میتۆدەش بو کە  سەرۆك مامجەلال داوای لە کاربەدەستانی حکومەتەکانی ئێران و تورکیا  و سوریاش دەکرد ، مەسەلەی کورد بە دیالۆگ و گفتو و گۆ و بیروڕا گۆڕینەوە چارەسەر بکەن .

03/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر