مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، رابەرێکی هەڵکەوتوی سەردەمێکی سەخت بو …

بارزان شێخ عوسمان


ئەوێ رۆژێ کە ئینگلیزەکان سەرگەرمی بەهێزکردنی ئەو دەوڵەتە بون کە خۆیان  بە لکاندنی  سێ ویلاتەکەی بەغداد و بەسڕا و موسڵ دروستیان کرد   کوردیان بێ بەش کرد لە مافە رەواکانی ،بەوەی بەشێکی خاکی کوردستانیشیان  خستە سەر ئەو عێراقە ، جەوانێکی پێگەیشتوی  جیهانی سیاسەت و تێگەیشتو لەو هەلومەرجە دژوارە لە چەندین دەرگا و شێوازی خەباتەوە هاتە نێو   کۆڕی خەبات . ئەویش مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بو  کە بوە  سیمبولێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی واقیع بین  .

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد  کە ئەمڕۆ بیست و چوار ساڵە جێی هێشتوین ،  وەك هەڵکەوتویەکی شارەزا  بوارەکانی شیعر و ئەدەب ،رۆژنامەگەریی ، سیاسیی و قانونیی خستە خزمەت گەل و خاك و نەتەوەکەیەوە.

وەك  شاعیرێك ، چیرۆك  و رۆمان نوسێك ،ئەدیبێك ، رۆژنامەنوسێك    شاکار و بەرهەمەکانی  بۆ  خزمەتی  رەوایی  و هەقیانەتی مەسەلەی نەتەوەیی و میللی  و چینایەتیی گەلەکەی بوە ، لە پیشەی پارێزەریشدا  هەمیشە داکۆکییکردوە لە چینی چەوساوە و بەشخوراوەکاندا . 

ژیانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی مەزن  هەموی  هەڵوێستی گەورە و بەرچاون هەم لەروی هوشیار کردنەوەی رۆڵەکانی گەلەکەی پڕ چەك کردنیان بە بیری کوردایەتیی ،هەم لە بەرگریی کردن لە مافە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی گەلەکەی   و وەستاندنەوە بەروی زوڵم و زۆرداریی دوژمندا .

لە ئاکامی ئەو هەڵوێستە شێلگیرانە و سازش نەکردنانەیدا ،مامۆستا  روبەروی  بەندیخانە ،حوکمدان  ،دورخستنەوە ، دەست بەسەریی و نانبڕین بوەتەوە . 

ئەم رۆڵە هەڵکەوتوە ژیرەی کورد  بە بیرێکی پێشکەوتنخوازیی و دیموکراسیی  ببوە سەرمەشقی خەبات بۆ  رۆڵەکانی گەلەکەی .  

کتێب و وتار و  نوسین و لێدوانە سیاسییەکانی  ، شاکارە  ئەدەبیی و شیعرییەکانی ،ئاماژە و شایەتێکی زیندون کە مامۆستای مەزن  وەك بیرمەندێکی پێشکەوتنخواز و دیموکراتیخواز ، خەباتی رزگاریی و نیشتمانیی گەلی کوردستانی لەگەڵ خەباتی گەلانی ژێر دەستە پێکەوە گرێداوە،  هاوخەباتیی نێوان کوردی هەمو بەشەکانی   بە ئەرکێکی گرنگی خەبات زانیوە ، زۆر لێبڕاوانە خەباتی  کردوە بۆ یەکسانیی و عەدالەت لە مافەکانی ژنان  و شکاندنی کۆت و بەندی دواکەوتویی و چەوساندنەوەی سەر ئەو نیوەیەی کۆمەڵ ، بیرمەندێکی   لێهاتوی شارەزا بو ،لە روانگەی واقیعەوە  هەر زو   دوای چەند ساڵێك بەسەر   لکاندنی کوردستان  و هەڵگرتنی ئینتیداب لەسەر عێراق ،  لە کتێبی الاکراد و العرب نەخشەی رێگای بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوە و پێکهاتەکانی  دەوڵەتی عێراق دانا  هاوشێوەی سیستمی فیدراڵیی .

  دە ساڵەکەی گۆڤاری گەلاوێژ  و لە میانەی ١١٦ ژمارەی ئەو گۆڤارە دانسقەیەی رۆژنامەگەریی کوردیدا ، کە  رابەری رەوانشاد کاك نەوشیروان مستەفا   ناوی نابو قوتابخانەی رۆژنامەوانی ، گەورەترین خزمەتی بە بیری نەتەوەیی و ،بیرکردنەوەی  سیاسی کورد و لێك نزیکردنەوەی روانینەکانی کوردی   هەمو بەشەکان و ،زمان و ئەدەبی کورد کرد ،بەوەش یەکێك لە ئامانج و هیواکانی مامۆستای مەزن هاتبوە دی.

شیعری هەر کورد دەبین یش بیری سیاسیی و پێشکەوتنخوازیی  مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەرجەستە دەکات کە چۆن  و بە چ زمانێکی زانستە سیاسییەکان مەسەلەی نەتەوەکەی خستوەتە رو  لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا کە مەسەلەیەکی رەوایە  .

مامۆستای نەمر کە لە نێو هەناوی سەردەمێکی سەختدا هاتە کۆڕی خەبات ، قۆناغەکانی خەباتیشی بە سەختیی و دژواریی بەڕێکرد  بێ ئەوەی بۆ ساتێکیش کۆڵ بدات  بەردەوام بو  ، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامەکەی بۆ سەرفرازیی گەلەکەی ،هەر لە وێستگەی شەڕی بەردەرکی سەراوە  و نامیلکەی الاکراد و  العرب و  لاوانی کورد و سەردەمی گۆڤاری گەلاوێژ تا دامەزراندنی  (ژ،ك) و پارتی دیموکراتی کوردستان و  شۆڕشی مەزنی  ئەیلول و ساڵانی دوای نسکۆ   و دوایین بەشداریشی لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە نیویۆڕك  بو کە  لە لیژنەی سیاسیی کۆنگرەکەدا یەکێك بو لە داکۆکییکارانی چەسپاندنی دەستەواژەی داننانی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق (INC) بە شێوازی فیدراڵیی بۆ پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداد ،کە دەویسترا لە بەلاغی کۆتاییدا لە بری داننان و بڕیار دان ،دەستەواژەی رێزگرتنی کۆنگرە لە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ فیدراڵیی  دابنرێت .

درود و نەمریی بۆ ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان کە تا رۆژی ماڵئاوایی کردنی لە ژیان بۆ ساتێکیش ماندوبونی نەزانی لە پێناوی شاد بونی گەلەکەی بە رزگاریی و چەسپاندنی مافەرەواکانی ، هەر بۆیە   کوردی هەمو بەشەکان وەك سیمبولێکی  خەباتی رزگاری بەخش و دیموکراتیی  ناوی دەهێنن و  ناوبانگەکەی دەپارێزن .

08/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر