تێرۆرکردنی خواناس، سەلماندی ئازادیی لای کورد بە مەرجی ئیسلامچییەکانە!

بارزان شێخ عوسمان

بەندە ،نەدور نە نزیك  ئەو جەوانە  هونەرمەندە شێوە کارە تێرۆر کراوەی چەمچەماڵ، کە ناوی خواناسە  ناناسم و بە خزمەتی نەگەیشتبوم ،بەڵام لە رێی سایتی موعتەبەر و باوەڕ پێکراوی سپی میدیا و وێستگە نیوزەوە چەند پۆستێکیم خوێندەوە ،تا رادەیەك بە کەسایەتییەکەی  ئاشنا بوم .

ئەو جەوانە غەدر لێکراوە  زۆر بەسادەیی و بێ پێچ و پەنا روانینی خۆی گەیاندوە بەڵام  زۆر بەراشکاوی و دڵ سافیی و بێ پێچ و پەنا  و فرت و فێڵ راستییەکانی روانینی خۆی  خستۆتە رو .خواناس بە ناوەکەیدا دیارە کە لە خێزانێکی بەڕێزی پابەند بە باوەڕ بون بە ئایین ،بەڵام کراوە و بێ غەل و غەش و فریودان  ،پەروەردە بوە ،نەك  ئەم ئیسلامەی ئێستا ،بۆیە توانیویەتی رێچکەی هونەری شێوەکاریی و نواندنیش بگرێتە بەر .

خواناسی  قوربانیی  دەستی فتواچییەکانی ئەمڕۆی بازاڕی بازرگانیی ئاین ،بە زمانە سادەکەی نوسینەکانی زۆر سەنگینانە و زۆر بە قوڵیی،  ئازادیی گشتیی و تاکەکانی بە دەوروبەرەکەی ئاشنا کردوە .زۆر راستگۆیانە باسی ئەو چەرمەسەرییانەی کردوە کە روبەڕوی بۆتەوە لەو کارگەیەی ئیشی تیادا کردوە بە هۆی ئەوەی ئازادانە و ئازایانە روانینی خۆی خستۆتە رو .لە بارەی ئاینەوە زۆر جوان پێیان دەڵێت ئێوە هەندێکتان نوێژیش ناکەن کەچی لە باوەڕی من دەپێچنەوە ،ئەمە پەیامێکی بەهێزە بۆ ئەو عەوامەی کە لەهیچ تێ ناگەن ،کەچی حوکمی کوێرانە دەدەن .ئەم وتانەی کاکە خواناسی خواناسی پاك ، چەند چیرۆکێکی هاوشێوەی بەبیر هێنامەوە:-
- (کاتێک دادوەر لە خالد ئیسلامبولی بکوژی ئەنوەرساداتی پرسی بۆچی ساداتت تێرۆر کرد ؟
وتی:”چونکە عەلمانی بو "!
دادوەر لێی پرسی عەلمانی چییە ؟
وتی‌نازانم‌

-دادوەر لەو پیاوەی  پرسی کە چەقۆی دا لە ئەدیبی ناسراوی میسر نەجیب مەحفوز کە بۆچی ویستت تێرۆری بکەیت ؟.
تێرۆریستەکە وتی” بەهۆی رۆمانی اولاد حارتنا "
دادوەر لێی پرسی رۆمانەکەت خوێندۆتەوە ؟
تاوانبارەکە وتی نە‌و  
-کاتێک دادوەر لە بکوژی نوسەری میسریی فەرەج فۆدەی پرسی بۆچی تێرۆرت کرد ؟،
لەوەڵامدا وتی چونکە کتێبەکانی داوای کفر و بێ باوەڕیی دەکرد ،
لێی پرسی ئەو کتێبانەت خوێندۆتەوە ؟
وتی نەخێر چونکە خوێندەوارییم نییە .

 کەواتە ئەوانەی لە دژی خواناسی راستگۆ وەستاونەتەوە نەیازانیوە خواناس کێ یە و چی دەڵێت ،بەڵکو وەك دکتۆر شێرکۆ کرمانج فەرمویەتی "بڵندگۆ و مینبەرەکان کوشتیان ، بەو قیڕە قیڕە کوژرا کە لە زانکۆکانی کوردستان رێگە بە هیچ بیرێکی تر نادەن ". 

دەنا خواناسی غەدر لێکراو قسەیەکی نەکردوە کە شایستەی ئەوە بێت نەك تێرۆر بکرێت بەڵکو شایەنی ئەوەش نەبوە لێپرسینەوەشی لەگەڵدا بکرێت.ئەو خاوەنی روانین و رێچکەیەکی خۆی بوە وەك مرۆڤێکی ئازاد لەهەر جێگەیەکی ئەم جیهانە ، بە زۆر باووڕی خۆی نەسەپاندوە ،خۆی گۆشەگیر نەکردوە لە بەرامبەر  ئەوانەی وەك ئەو بیر ناکەنەوە .تەنانەت ئەگەر بەپێی ئەو شەرعەش بێت کە بکوژەکەی خواناس  بیانوی بۆ تێرۆر کردنەکەی هێناوەتەوە هەر غەدرو تاوانە،  چونکە چەندین دەقی ئاینەکەی بکوژ بەدەستەوەن کە  خواناس دەتوانێت داکۆکی لە خۆی پێ بکات " فَذَكِّرْ إِنَّمَا أَنْتَ مُذَكِّرٌ لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُسَيْطِرٍ " ، "، "لکم دینکم و لی الدین”{وَإِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ} } .
بە داخەوە خواناسی بێوەیی و هەست ناسك  زۆر بە هێمنی و سادەیی دوا و روانینی خۆی خستە رو ،کەچی کاریگەریی خوا نەناس و بێ ویژدانەکانی بازاڕی بازرگانیی بە ئایین  بە جۆرێك بو کە بە دژوارترین شێوە ئەو رۆحە ناسکەی هەتك بکرێت بە دەستی پێشمەرگەی هێزێك کە عەلمانیە .ئەمەش زەنگێکی ترسناکە کە ئیسلامچییەکان  لە رێی ئەو پانتاییەی  ئازادیی بۆیان رەخساوە ،خۆیان خزاندۆتە نێو ئەو جومگەیەشەوە.بۆیە تێرۆری خواناس دەبێت هەموان وریا بکاتەوە لە مەترسییەکانی تەوژم و شەپۆلی  ئیسلامچێتی.  ئەو راستیەش جارێکی تر خۆی سەلماند کە ئازادیی را دەربڕین لە کوردستان بەو سنور و مەرجەیە کە ئیسلامچییەکان بە هەمو رەوتەکانیانەوە دایان ناوە.

25/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر