فشار لەسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات فشارە لەسەر ئیرادەی خەڵك

عوسمان زیندانی


لەدوای چەندین ڕاپەڕین ومانگرتنی جەماوەری ئێران و دوای  شۆڕشی  (ژن. ژیان. ئازادی ) لەئێران وبەتایبەت لە ڕۆژهەڵات ، كۆماری ئیسلامی ئیران بەشێوەی سەربازی و ئەمنی و سیاسی و دبلۆماسی هێرش وپەلامارو فشاری خستۆتە سەرلایەنە سیاسیەكانی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری خۆی لەناو هەرێمی كوردستان. 

 سەرەتا ویستی لەڕێگەی  دروست كردنی شەڕ لەنێوان (پەكەكە و حزبی  دیموكرات وكۆمەڵە )لەسەر سنورەكانەوە كێشە بۆلایەنە سیاسیەكان  دروست بكات ، بەلام بەهۆشیاری سیاسی لایەنەكان و هەوڵی دڵسۆزانەی هەمەلایەنەی  مەدەنی وئیعلامی خەڵك توانرا مەرام و بەرنامەكەی ئیران پوچەڵ بكرێتەوە و ڕاپەڕین وناڕەزایەتی خەڵك بەئازایانە لەناو ئێراندا درێژەی هەبێت  .

 دواتر لەڕێگەی هێرشی سەربازیەوە بە بۆردومانی موشەكی و درۆن لەئاسمانەوە بارەگا و قەڵا و شوێنی مەدەنی وەك نەخۆشخانە وقوتابخانە ناوەندی كاری ئیعلامی بۆردومان كرد ، ولەسەر زەمینەوە بەشێوەی ڕفاندن
 و كوشتن و تیرۆری تێكۆشەران لە ناو هەرێمی كوردستان بەردەوام بوو
 لە سەركوت وهەولدان بۆ لە ناوبردنی ئۆپۆسزیۆنی ئێران وبەتایبەت كۆمەڵە
 و دیموكرات ، دەرئەنجام نەیتوانی لەناویان ببات ، سەرباری شەهید وبریندارێكی زۆر و زیانی مادی و ئاوارە بوون بەڵام خۆڕاگر بوون مقاوەمەتیان كرد ومانەوە لەباشوور، ڕاپەرینی خەڵكی ئێران وبەتایبەت لەكوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بوو و خۆڕاگری ناو هەرێم  ئاوێتەی بەرەنگاری ناوەوەی ئێران بوو.

دواتر كۆماری ئیسلامی  پەنای بردە بەڕێكەوتن لەگەڵ دەوڵەتی  عێراق
 و حكومەتی هەرێم و گوشاری سیاسی وسەربازی  بەشێوەیەكی تایبەت بەكارهێنا دژی هەرێمی كوردستان تا توانی ڕێكەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق
 و دواتر لەگەڵ هەرێم واژۆ بكات دژی  هێزە  و لایەنە سیاسیەكانی ئۆپۆسزیۆنی ئێرانی بەگشتی و كۆمەڵە ودیموكرات بەتایبەتی ، كەتیایدا دەبێت چالاكی سەربازی نەكەن ولەسنور نەبن و دواجار ئەگەر دەرنەكرێن لەعێراق وهەرێم دەبێت هیچ شوێن و جێگا وپێگەیەكەیان نەبێت و بخرێنە ئۆردوگای پەنابەریەوە و لەژێر چاودیریدابن  و ڕێگەی هیچ جۆرە چالاكی سیاسی وڕاگەیاندن ومەدەنیان پێنەدرێت و هیچ ئاسانكاریان بۆ نەكرێت لەڕووی ژیاری و ڕێوڕەسمی مانەوە لەهەرێمدا . 

لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم ڕێكەوتنەدا عێراق وهەرێم زۆر فشاریان كرد بەرامبەر بەم هێز ولایەن و خەڵكە مەدەنیە ، كە هەموو دیموكرات و كۆمەڵە  هەروەك چۆن  لەڕابردوودا مامەڵەیەكی هاوسەنگ و گونجاویان كردوە لەگەڵ دۆخی سیاسی هەرێم وئەومەترسیانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە  لەم كاتەشدا زۆرترین پابەند بوونیان كردوە بەو ڕێكەوتنانەی كەوەفدەكانی هەرێم داوای لیكردوون وڕەچاوی هەلومەرجی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی كردووە ، بەڵام هێشتا كۆماری ئیسلامی وازناهێنێت دەیەوێت هەموو مافێكی ئینسانی  و سیاسی و مەدەنی لە ئۆپۆسزیۆن و خەڵكی مەدەنی جیاواز وناكۆك لەگەڵ ڕژێمە سیاسیەكەی بسەنێتەوە .

 لەڕاستیدا ئەمە پێچەوانەی بنەماكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ و پەیماننامە و ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكانە كەهەموو لاینەنێكی سیاسی و هەموو پەنابەرێكی سیاسی مافی چالاكی وهەڵسوڕانی سیاسی ومەدەنی وئیعلامی هەیە و مافی ژیان  وبەهرەمەند بوونی هەیە لەدابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان  لەكاتێكدا ئەمانە خەڵكی تێكۆشەر و سیاسیین  بۆ بەرەنگار بوونەوەی سەتەم  وزۆرداری و بەناچاری نیشتەجێی ئێرە بوون .

 ئەوەی لێرەدا جێگای ڕەخنەی سیاسی جدیە كە لەمێژوودا وەك هەڵوێستێكی نانیشتمانی و ملكەچانە دەنووسرێتەوە ڕازی بوونی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمە بەم داواكاریانە و فشارهێنانە بۆ سەر لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژەهەڵات. 

ڕاستیەكەی حكومەت هەڵبژێراوە و بەئیرادەی لایەنی كەم جەماوەرێكی زۆر دامەزراوە كەخوازیاری ئاوا ڕازی بوونێك  نین وحكومەت مافی ئەوەی نیە كە بۆ بەرژەوەندی سیاسی دەسەڵاتەكەیان  سازش بكەن لەسەر مافی ئینسانی و سیاسی و هاوزمانی و هاونەتەوەیی خەڵكێكی شۆڕشگێڕ كە لە مێژووی چەندین ساڵدا( ئەم خەڵك و هێزانە هاوكار و پشتیوانی هەرێم بوون لەكاتی شەڕی داعش و هاوكات ئەم هێزانە نوێنەری ئەو خەڵكە بەشەرفەی ڕۆژهەڵاتن كە لەكاتی كیمیابارانی هەڵبجە و ئاوارەبوونی دوای ڕاپەڕینی ساڵی( ١٩٩١)  ماڵ وحاڵیان  خستە خزمەتی خەڵكی كوردستانی عێراقە وە) و( ڕۆژهەڵاتیان كردە نیشتمانی ئاوارەكان و پێشمەرگە وهێزە سیاسیەكانی باشوور ) و( بەقوتی مناڵەكانیان  برسێتی خەڵكیان  كەم دەكردەوە و بەماشیەنەكانی  خۆیان بریندار وبەتەەمەن ونەخۆشەكانیان دەگواستەوە بۆ چارەسەركردن  ولەمردن ڕزگاریان دەكردن) . 

ئاخر چ خەجاڵەتیەكی سیاسیە و چ بێویژدانیەكی مرویی و چ بێ هەڵوێستیەكی  مێژوویە كە گەلی كوردستانی عێراق بێدەنگ بێت كە نوێنەران و كوڕان وكچانی بەناچار و پەنابروودوو بەر شۆڕش دژی حوكمی سێدارە ئاوا بێبەش بكرێن لەمافەكانیان .

لەلایەكی ترەوە ئە م هێزانە هیچ هێرش و جوڵەیەكی سەربازیان  نیە كەبووبێتە مەترسی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران و كێشەی بنەڕەتی لەئێراندا چارەسەر نەكردنی كێشەی بێ مافی نەتەوەكانە ، كێشەی نەبوونی یەكسانی وعەدالەتی كۆمەلایەتیە ،و بوونی بێكاری و نەداری خەڵكەكەیەتی  كێشەی نەبوونی ئازادی جلوبەرگ پۆشینە كەسەرەتایترین مافی ئینسانە ، كێشەی دەوڵەتی ئێران بەگۆڕینی سیاسەت و شێوای حوكمڕانی دەبێت نەك بەچۆڵكردنی زڕگوێز و كۆیە  ، بەڵام دەوڵەتی ئێران دەیەوێت لەڕێكەی شكاندنی شكۆی سیاسی هێزو لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتەوە بەدەستی دەسەڵاتی هەرێمەوە شكۆ وئیرادەی خەڵكی  ناڕازی و بەشمەینەتی ڕۆژهەڵات بشكێنێت .

 پرسیارێكی گرنگ و سەرەكی هەیە بەڵام وەڵامێكی مێژووی دەوێت ئایە ئەم حكومەتەی خۆی بەخاوەنی پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانێت بەتایبەت دوو حزبە دەسڵاتەكەی هەرێم ڕازی دەبن ببنە سەرچاوەی شكاندنی ئیرادەی گەڵێكی بێبەش لە زمانی دایك و بێ مافی سیاسی و ئیداری نیشتمانی و بێبەش لەژیانێكی شكۆمەندانە ،  ئەگەر وا ،  بەڵام خەڵكی كوردستان ،بەتایبەت نووسەران و ڕۆشبیران ومرۆڤە بەوەفاكانی نێشتیمان و  چالاكوانانی سیانی  پارت وڕێكخراوە مرۆڤ دۆست وشۆڕسگێڕەكان نابێت بەمە ڕازی ببن 
 بەفشاری دەرەكی  ئیرادەی جەماوەری باشوور و ڕۆژهەڵات بشكێنرێت .

 عوسمان زیندانی .
 ٣١  جۆزەردان 
   ٢٠- ٦- ٢٠٢٤

22/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر