لەڕوانگەی چینایەتیە
٨ مارس ڕۆژێکی نوێ

عوسمان زیندانی

 

ئاسۆ و هیوای بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی ٫
هێمای خەبات و قوربانیدان لەپێناو مرۆڤایەتیدا..


لەمێژووی تێکۆشانی چینی کرێکاردا هەمیشە ژنانی کرێکار بەشێکی گەورە و گرنگی نێوبزوتنەوەی کرێکاری بوون و قوربانی بێ شووماریان پێشکەش کردووە ٫بەتایبەت لەسەدەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆپیشاندانە کرێکاریەکانیان دەکرد نەک تەنها لەپێناو (نان وکار و کرێ و سەعاتی کاردا) بەڵکو دروشمی (ئاشتی و مافی دەنگدانی گشتی) بەشێکی سەرەکی داخوازیەکانیان بوون ٫ نمونە ی خۆپیشاندانەکانی ( ۸ مارسی ۱۹۱۷ روسیا) و (۱۹۳٦ئەلمانیا) و( ئیسپانیا)
و بەسەدان مانگرتن و خۆپیشندان٫ ئەم داواکاریانە ئامانجی جەماوەرێکی بەرفراوانی ستەمدیدەی جیهانی سەرمایەداری بوون بەژن و پیاوەوە٫بۆ ئاشتی و ئازادی ویەکسانی کەژنانی کرێکار رێبەرایەتیان دەکرد.

 
دەسەڵاتی سەرمایە كه لەلایەک خەریکی چەنگ و چەوسانەوەی گەلان بوون لەناو خۆی دەوڵەتەکانی خۆیاندا خەریکی چەوسانەوەی کرێکاران بوون ٫ بەهۆی ئەم جەنگ و داگیرکاریەوە کەتائستاش بەردەوامە ژیانی مرۆڤایەتیان خستۆتە ناو نەهامەتی وکوشت وبڕو لەناوچوون و سەپاندنی هەلومەرجێکی دژواری پڕ لەچەوسانەوە و بێ مافی بۆ تەواوی گۆمەڵگا بەگشتی و چینی کرێکار بەتایبەتی ٫ ژنانی کرێکار لەم دۆخەدا باجی زۆر گەورەیانداوە و خراونەتە ژێر بارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەختەوە هەر لەکەمی کرێ و سەعاتکاری زۆر تا ڕادەی هەژاری و بێکاری و گێچەڵ پێگردن و دەرکردنیان لەسەرکار ٫ هەر بۆیە ژنانی کرێکار لەچوارچێوەی ململانێی چینایەتی و بەئیلهام وەرگرتن لە فکری مارکسی وئەزموونی خەباتی کۆمەنیستەکان و بڵاوبوونەوەی باوەڕی مرۆڤ دۆستی و ئازادیخوازی ڕابەرایەتی دەیان مانگرتن ونارەزایەتی و خۆپیشاندانیان کردوە لەڕابردوودا لەپایتەختەکانی ئەمریکا وفرنساو بریتانیاو رووسیادا و زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت لەسەدەکانی (۱۸و۱۹و۲۰)دا.

 
کەیەکێک لەدیارترین مانگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەکانی ژنانی کرێکاری ڕستن وچنینی کارگەیەکی شاری نیۆرکی ئەمریکا بوو لەساڵی ۱۸٥۷دا بەرزکردنەوەی دروشمی کەم کردنەوەی کاتی کارو زیاد کردنی کرێ دەستی پێکرد ولەئەنجامدا (خاوەنکار و دەسەڵاتی سەرمایە) بەئاگروسووتان و گرتن وکوشتن ئاگر بەردان لەگارگە وەڵامی بە ژنانی ناڕازی و شۆڕشگێر دایەوە ٫بەسەدان ژن سووتان و ئیدی لەو ڕۆژەو لە( ۸ی مارس ۱۸٥۷)دا ژنان و پیاوانی کرێکار و شیوعی وچەپ و پێشکەوتوخوازان دەهاتنە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوەی سەرمایەداران و ساڵانە لە دەیان پایتەختی ووڵاتانی سەرمایەداریدا بەنمایشکردنی هێزی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆیان پێشوازیان لە۸ ی مارس دەکرد وەک ڕۆژی مقاوەمەتی چینایەتی چاوویان لێ دەکرد تاکو لە(کۆنگرەی دووەهەمینی ژنانی سۆسیالیست لەساڵی ۱۹۱۰دا ) ( کلارا زتکین ) پێشنیاری کرد کەئەو ڕۆژ ببێتە رۆژی جیهانی ژنان و سیمبولی بەرەنگاری دژی چەوسانەوەی ئینسان لەو ڕۆژەوە ۸مارس بووە ویستگەیەکی خەباتی گشتگیر بۆ ماف و ئازادیەکان.

 
تا ناچار رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی ۱۹۷۷دا بەفەرمی کردیانە ڕۆژی جیهانی ژنان ٫ ئێستا لەتەواوی دنیادا جگە لەدەوڵەتە کۆنە پەرست و دیکتاتۆرەکاندا ئەم یادە پیرۆز و شکۆدار دەکرێت و بووتە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم وستەم دژی ژنان ولە هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی دانەبڕاو لەجیهانی سەرمایەداری کەتیایدا ژنان بەگشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەتی شاد نەبوون بەمافە رەواکانیان و ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندو تیژی و بێ مافی و بێکاری دەبنەوەو٫سەرباری ئەوەش لەهەرێمی کوردستان وزۆر ووڵاتی تردا بایەخی ڕاستەقینەی پێ نەدراوە و بەپێی بەها ومانای مێژووی خۆی واتادار نەکراوە کە (۸مارس ڕۆژی خەباتی چینایەتی و ڕزگاری چینی کرێکارە و ئامانجی ئازاد بوونی مرۆڤە بەژن و پیاوەو لە سیستەمی کۆیلایەتی سەردەم ) تەنها بۆهەندێ ئامانجی بچوک و دیایکراوی کۆمەڵایەیەتی چاووی لێ دەکرێت کەدیارە ئەم ئامانجانەش پێوویستە خەباتیان بۆ بکرێت و هەوڵی بەدەستهێنانیان بدرێت کە زۆرێک لە حزب و ڕێکخراوەکان کاری لەسەر دەکەن وکردویانە .

 
بەڵام ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی یەکسانیخواز و بزوتنەوەو رێکخراوکانی ژنان و کرێکاران دەبێت کاری سەرەکیان بەردەوامیدان بێت بە هەوڵ و خەباتی بزوتنەوەی ژنان کەلەمێژووی چەند سەدەیەکدا بێووچان تێکۆشانیان بۆ دروشمی ئاشتی وئازادی و یەکسانی ڕزگار بوون لەستەم وسیستەمی سەرمایەداری بووە .

۸مارسی ۲۰۲۱


08/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر