بیرەوەری خاتونە کوردەکان

لەتیف فاتیح

لەماوەی ڕابردوودا بیرەوەری سێ خاتونی بەڕومەت و بوێرو تەواری  کوردم خوێندەوە، بیرەوەریەکانی هەریەک لەساکینە جانسز ژیانم هەموو تێکۆشان بوو ، هەروەها بیرەوەری ئامینە کاکەباوە، دواجاریش بیرەوەریەکانی  مەلەکەی سوڵتانی سێبەری قەلەبەرد، هەرسێک ئەو بیرەوەریانە هەڵوەستەیان پێکردم ، سەرسامیان کردم ، ئازاریان دام دواترینیان سێبەری قەلەبەرد بوو کە خوێندنەوەی لەچەند شوێن بەکوڵ گریاندومی، دڵنیام چەند منی ئازار داوە خاتو مەلەکەی نوسەری بیرەوەریەکان هەزار ئەوەندە، مرۆڤ کە ئەو بیرەوەریە پڕ ئێشانە دەخوێنێتەوە دەیەوێت دنیا بهەژێنێت  ئاخر ئەوە چ قەدەرێکە کوردی بەلەنگاز هەیەتی، ئەم بیرەوەریانە، ئەم ئێش و ئازارانە، پێمان دەڵێن کورد وێڕای ئەوەی جاش و خۆفرۆشی زۆرن، بەڵام  شۆڕشگێڕی گەورەشی هەن، بۆ ئەوەی کەسێتی شۆڕشگێڕ بناسین پێویستە ئەو بیرەوەریانە بخوێنینەوە.

ژن و کیژی کورد بە تایبەت دوای شۆڕشی ڕۆژئاواو بەرخودانی کۆبانی دنیای سەرسام کرد، خاتونێکی ئەڵمانی کە فۆتۆگرافەرو میدیاکارەو چەند جار چوەتە ڕۆژئاوای کوردستان پێی وتم ئەوەندە بەگومان بووم لەوەی ئەو تەوارو شەڕڤانانە کچ و ژن بن دەمویست بزانم مەمکیان هەیە یان نا، ئەو دەیوت ئەوانە پەڕجویان دروست کرد ئەوە چ بونەوەرێکن و چۆن پەروەردە کراون، کە ئەو بیرەوەریانە دەخوێنیتەوە ئیدی دڵنیا دەبی لەوەی، کە ئەوە خاتونی کورد لەدەستی دێت و دەیکات، پەڕجوی ڕاستیە، خۆزگە هەموو شەڕوان و گەریلا ژنەکان بیرەوەری خۆیان دەنووسیەوە، هەروەها دڵنیام لەباشوری کوردستانیش تەوار زۆرن کە هەمان کار بکەن، بۆنمونە هەموو ئەو خاتونانە لەتەک هاوسەرەکانیاندا لەو شاخانە بوون تێیاندایە ئازارو مەینەتی زۆری بینی و ڕۆژێ لە ڕۆژانیش ورەی بەرنەدا، ئەسڵەن من پێموایە هەموو خاتونێکی کورد پێویستە ئەو بیرەوەریانەی ساکینەو ئامینەو مەلەکە بخوێنێتەوە، تا لەبارو دۆخی ژیانی ژنی کودتێبگات، هەروەها زۆر گرنگە پوختەی ئەم بیرەوەریانە پێکەوە وەربگێڕدرێنە سەر زمانە زندوەکانی دنیا، ئەوسا بەراوردی ئەوە بکرێت ئایە مەلەکەو ساکینەو ئامینەی ئێمە یان گۆڵدامایەرو میشێل ئۆزاماو تاتشەری ئەوان.

ژیانی لیپ لەئازارو تێکۆشان و دەستبەردان لەخۆشی و چێژەکانی ژیان زۆر جیاواز لەخۆبەستنەوە بەکورسی و سەروەت و سامانەوە، کاتێ سەیری ژیانی مەلەکەو بنەماڵەکەی دەکەین، ئەوان ئەوەی هەیانەو نیانە دەیبەخشن و ژیان و مان و سامان و براو کەس بۆ بەدیهاتنی خەونی گشتی، نەک ئەوەی قەڵەو بوون لەسەر لاشەی نیشتمان و گەل، نمونەی ساکینەش کەمن پێشتر لەسەر ئەویش و لەسەر ئامینەشم نوسیوە، نمونەی گیانفیدایی و تێکۆشانێکی بێوێنەیە.

 خوێندنەوەی ئەم بیرەوەریانە ، گەرچی  مرۆڤ ئازار دەدەن، بەڵام زۆر گرنگن، گرنگن چونکەخاتونگەلێک نووسیویانە بۆ چاکەی گشتی و ئازادی گشتی دەستبەرداری مت و مۆری و ڕەنگاو ڕەنگی ژیان بوونەو لەپێناوی ئەوانی دیدا قوربانیان داوە، لەم کورتەنووسینەدا من هەرگیز مەبەستم ئەوەنیە یەک یەک لەسەر هەریەک لەوبیرەوەریانە بنووسم کە خۆشبەختانە هێشتا دوانیان لەژیاندان و ساکینە بە کاری دەزگای جاسوسی هاوبەش و بە پیلان لە ناو چەقی پاریس لەگەڵ دوو  هاوڕێی دیکەیدا شەهیدکران، مەبەستی من زیاتر نیشاندانی ئەو دیرۆکەیە لەڕێگەی ئەوانەوە تا ئەوانی دیکەش پێڕابگەن و بیریان نەچێت ژیانی ڕاستینە جگەلەتێکۆشان شتێکی تر نیە.

30/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر