دەستوەردان لەکاری حیزبی، نەوەی نوێ وەک نمونە!

ئاسۆ عەبدولەتیف

چل ساڵ لە ناو دروشم و تیۆرییەکانی خەباتی شۆڕشڤانیی شاخ، و سیی ساڵ زیاتریش لە ناو ئەدەبیاتی چەپی شۆڕشگێڕو سۆشیالدیموکرات و بەرەی ڕاستڕەوی سیاسیی ئێمەدا، هەمیشە حیزب کراوەتە ڕووگەو قیبلە بۆ یەکسانی و دادگەریی، هەمیشە تەبەننی ئەوە کراوە کە حیزب دەبێ دوور بێ لە قاڵببەندیی فیکریی و ڕێکخراوەیی و نەخۆشیی دۆگماتیزم. دەبێت خودی ئەم دەزگا مۆدێرنە کە ناوی حیزبەو بەرهەمی کەلتورو بیرکردنەوەیەکی ئازادو لیبڕاڵی ڕۆژئاواییە. نابێ کۆتوبەند بکرێت و لەقاڵب بدرێ، چونکە ئەوە جەوهەری خودی دیموکراسی و لیبڕالیزمی جیهانیی و مافێکی ڕەوای کاراکتەرە سیاسیەکانە چی دەکەن و چی ناکەن. 

بە کورتی زەمانێکە ئەو بەناو نوخبەیەی کە ئێستا خەریکی ئیرهابی مەدەنیی و فیزیکیی خەڵک و ئەتککردنی شەقام و میدیای ئازادن، وایان تەڵقینداوین حیزب و ڕێکخراوەی سیاسیی دەبێ ئازادبێت لە کارو چالاکی و جڤاکیی و حیزبیی و سیاسیی و پەڕلەمانییدا و نابێ دەخالەت لە چالاکیان بکرێ، کەچی ئێستا بەتەواوی هەر ئەو تایپە منەوەرە موزەییەفە، دەیانەوێت خودی حیزب موریدسالاربێ، گوێلەمست بێ، کۆیلەی حیزبی گەورەبێ، کۆتوبەندبێ و بەدڵی بەرژەوەندگەرای دارایی و سەفەقاتی ئەقتابە گەورەکانی نەوت و حەشد و ئەجێنداکانیان بجوڵێتەوە. ئەوەتا ڕێگای سەرەکی مومارەسەکردنی کاری حیزبیی کە پەڕلەمانە، وەک ناوچەی دژەفڕین و تابۆی حەرام سەیردەکەن، قەدەغەی دەکەن و وەک دژە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و ئازادییە گشتیەکان شیکاری بۆ دەکەن بۆ هەندێک حیزب و ئەکتەر، بە نمونەی چوونە ژوورەوەی ئەندامانی پەرلەمانی نەوەی نوێ بۆ دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق ٢٦-٣-٢٠٢٢. 

برام ئەوە جەهلە، عێراق خۆی هەڵوەشاوەو هیچ سەروەرییەکی یاسایی و دەستووریی و شەرعیی نەماوە، بۆشایی دەستوری خەریکە دروست دەبێ، دەستوەردانی سەربازیی لە بەردەرگایە، بۆنی کۆدەتایەکی مەزهەبیی دێت، باشترە کورد هێندە بۆ عێراقێکی تائیفیی و مەزهەبیی و فاشیست یەکتری نەداتە بەر نەشتەری ڕق و تۆڵەو دروشمی پۆپۆلیستانە. 

هەموو حیزبێک لە ڕووی ئایدۆلۆژیی و ڕێکخراوەییەوە وەک چەمک و مومارەسەو ماف و خواستە فیکرییەکانی، ئازادە چۆن ڕەفتار دەکات و بەکام ئاراستەو ڕوانگەو پێوەر سیاسەت دەکات، بەمەرجێک دژی بەها باڵا نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان نەبێت.

27/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر