ئەوەی پێکدێت لە عێراق هەر کابینە کۆنەکەیە

ئاسۆ عەبدولەتیف
شەڕی ئایندە سەختترە لە عێراق و دەبێ کورد لە هێڵکاریە سیاسیی و میتۆدە ستراتیژیەکانی تێبگات. دەبێت کورد ئەوەی لەبەرچاو بێت شتێک نییە بەناوی ستراتیژو گوتاری کابینەی نوێ یان دیدگای تازە بۆ پێداچوونەوە بە فاشیزم و سەرکەشیی و هەنگاوە شۆڤێنییەکانی ڕابردووی دەوڵەتی شیعەو مەوالیەکانی. 

فۆڕمی تازەی دەوڵەت فۆڕمی ستراکچەرە کۆنەکەیە بەهەندێک دەستکاریەوە، هەر ئەوەیە بڕیارەکانی کابینەی پێشوو لەدەستی موقتەدا سەدرەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی نوری مالیکی و نوێنەرەکەی محمد شیاع سودانی بەم جۆرە ؛

• کاراکتەری سەرۆک وەزیرانی نوێ "محمد شیاع سودانی”فیگەرو سەربازی گوێڕایەڵی دەوڵەتی یاساو ڕەهبەریزمی ئێرانی و میلیشیاکان دەبێت و دوورترین کاراکتەر دەبێت بۆ مومارەسەی پرەنسیپەکانی هاوژیانی و یەکتری قبوڵکردن و دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستور.

 • سەرۆک وەزیرێکی شیعەی وەلائییە، بڕیاردەر نییە، شیعەیەکی نەرمە وەک دەموچاو وەلێ ناواخنەکەی ملکەچی مەرجەعیەتی قومی ئێرانی و سەیید عەلی سیستانی و دژبەرە لەگەڵ موقتەدا سەدرو عێراقییە دژە وەلائیەکان، ئاسان نییە بەیاساو بەها دیموکراسیەکان و تەوافوق و پڕەنسیپەکانی کاربکات، بۆیە زەحمەتیشە قبوڵکراوبێت لای حەنانەو موقتەدا سەدر.

• ئەو هێزە دەوڵەتییە شاراوەیەی ناوی لیواو سەرایاکانی حەشدە دەتوانێ هەر یاساو بڕیارێک بە زۆرینەی پەڕلەمانی تێپەڕێنێت، چونکە دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز  هەیەو ڕێگرە بۆ ئەو کرانەوەو خەونەو ئەمریکیەکانیش تەماشاکەرن لە ئێستادا. بۆیە دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوەو لیبڕاڵدا، وەلێ لەم وڵاتانە دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و دەریچەیەکە بۆ سەردەرهێنانی فاشیزم و بەربەریزم و زۆرینەیەکی چەکداریی و دژە دیموکراسی.

• سودانی خاوەنی کەمینەیەک کورسیی پەڕلەمانییە نەک زۆرینە، بۆیە شەرعیەتی لاوازترە لە مستەفا کازمیی، کێشەی کازمیش هەر ئەوەبوو، سودانی کە سێبەری فیگەرەکانی مالیکی و عامیری و حەکیم و خەزعەلیەکان و حەشدی شیعییە، دەبێتە متمانەی  ئال و بەیت و عەهدو پەیمانە مەزهەبیەکانی حەوزە  بەدەرەجەی ئیمتیاز.

 • مستەفا کازمی و کابینەکەی تاڕادەیەک ئۆپۆزسیۆنی جددی نەبوو بەرامبەری، وە هێزی موقتەدایی و خودی موقتەدا و جەماوەرەکەی ناڕاستەوخۆ پشتگیریکاری بوون، بۆیە تاڕادەیەک بەپێوە وەستا، سودانی یان بەپێوە خۆی ناگرێ یان دەبێت شیعەی موقتەدایی و خواست و هەستەکانیان لە خۆی ڕازی بکات و لە ئەجێنداکەیدا جێگایان بکاتەوە.

• بۆ كوردیش بە تەنها بردنەوەی سەرۆک کۆمارو بەشداریکردنی بە سێ وەزارەت و جێگرێکی وەزیران لەو کابینەیەدا  گرەنتی نییەو بەس نییە، کورد پێویستی به‌ راگرتنی باڵانس و یه‌ك ره‌هه‌ندیی سیاسیی Distance Politic هەیە بۆ دانوستان و پشتگیریی قوڵی سیاسیی و ستراتیژیی بۆ پرۆژه‌ دوورمه‌وداكه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تە یان کۆنفیدڕاڵیی، هیچکات سیاسەتی فاشیزمی مەزهەبگەرای سێنتراڵ و توند ناتوانێ دیموکراسیەت بەدڵی کورد پەیڕەو بکات و مەلەفی نەوت و سەربەخۆیی بڕیاردان  بەدڵی کورد چەرخی بسوڕێ.

• عەقیدەی ئایدۆلۆژیی شیعیی نەگۆڕ بۆحوکمڕانیی بریتییە لە "ثوابت نظام المرجعية” ئەویش رەدکردنەوەی دەستوورو فیدڕاڵیەتە بە پلەی یەکەم، کوردیش ئەو دوو کۆڵەگە ڕایگرتوە، بۆیە ئەم خولە بۆ کورد سەختە لەکاتێکدا ناوماڵێکی لاوازو ناڕێکی هەیەو کورسیەکانی دابەش بوون بۆ چەند بەرەیەک و هەربەرەیەک لە ئاوازێک دەخوێنێت.

• شیعەی قوم و تاران کە چۆن سەیری کوردانی #ئێران_ڕۆژهەڵاتیی دەکەن و بە بەشێک لە ویسایەو قەڵەمڕەوی ئێرانیزم لێیان دەڕوانن و ئازادییان زەوتە و بارمتەی دەوڵەتن، شیعەی نەجەفیی و کەربەلایی عێراقیش خراپترن بۆ کەمایەتییەکان و قەومیاتی تر، بەس کاتی ماوە.

17/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر