هەژدەی مانگ زۆری نەماوە! بۆ کۆبونەوەی (ی ،ن، ك)و (پ،د،ك)

بارزان شێخ عوسمان
 زۆر لە مێژ بو  وەك کوردێك ،وەك نوسەر ورۆژنامەنوسێك  ،وەك ئەندامێکی نێو ریزەکانی ی ن ك  کەرۆژگارێك پێشمەرگە بوم و لە دەزگای راگەیاندنی حزبەکەم کارم کردوە ،  چاوەڕێم دەکرد  بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆکی  پ  د ك  ،بەوتەیەك  ئاوێك بکات بەو  ئاگری گرژییەی کە لە نێوان هێزە سیاسییەکان دروست بوە بەتایبەتیی  لە نێوان ی ن ك و پ د ك  دا .
 خۆشبەختانە ئەو وتەیەم لە بەڕێزیانەوە   بیست کە وەك دەستپێشخەرییەک لێی دەڕوانرێت  . مەکتەبی سیاسیی پ د ک یش لە بەیانێکدا وەك فەرمانێك ئاماژەی بۆ دەکات بۆ حزبەکەیان .
زۆر گرنگە ئاشتیی و تەبایی  بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق ،هەم بۆ مامەڵە کردن  لەگەڵ  ئاڵنگارییەکان دا  ،هەم بۆ دروستبونەوەی متمانەی خەڵك بە باری سیاسیی و ئایندەی هەرێمەکەمان .
 بەندە وەك نوسەر و رۆژنامە نوسێك قسە دەکەم و دەنوسم  . بۆیە ئەگەر لە میانەی نوسینەکەدا باسیی ی ن ك بکەم ،ئەوا گوزارشت لە روانینی خۆم دەکەم  و هیچی تر ،دەنا ی ن ك وتەبێژ و  راگەیاندن و مەکتەبی سیاسیی خۆی هەیە .
 کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٦  بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی  دیدارێکیدا لە یادی دامەزراندنی ی ن ك دا قسەی راست وراشکاوانەی کرد کە "ئەم حزبە بۆ دژایەتیی پ د ك دروست نەبوە  بوە”. ئەو وتەیە  ئاماژەیەکی گرنگ بو کە چ (ی ن ك) یا ( پ دك  )، دوژمنی یەکتر نین بەڵکو  دو حزبن هەریەکەیان جیهان بینیی و روانینی خۆیان هەیە  ،بەڵام دەتوانن پێکەوە هەڵ بکەن . ئەوەش مانای وایە  چەند کێشە و شەڕیشیان هەبوبێت سەرەنجام مێزی گفتوگۆ کۆی کردونەتەوە  و خاڵە هاوبەشەکانیان بۆ خزمەتکردنی خاك و خەڵکی کوردستان  رێکی خستون .
دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك مەسعود بارزانی زۆر مەسولانە و  لە جێی خۆیدا بو  کە هەر  دەبوایە لەلایەن  بەڕێزیانەوە بوایە  . سەرۆك بارزانی داوایکرد پێش هەژدەی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسیی هەردولا کۆببنەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان .
  راستە بە کۆبونەوەیەكی هەردولا تەواوی کێشەکان چارەسەر نابن تا ئیتر رێگاکە گوڵڕێژ بێت ،بەڵام ئەگەر ئیرادە و خواستی ئاشتیی  بە جدیی هەبێت  رەنگە دانیشتنەکان  زوتر هەنگاوی باشیان لێ بکەوێتەوە  بەو پێیەی هەردولا ئۆباڵی ژیاندن و بەڕێوەبردن و پاراستنی ژیانی  نزیکەی چوار ملیۆن هاوڵاتییان لە ئەستۆدا یە .
   پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ،لە رابردودا هەوراز و نشێوی زۆریان بە خۆوە بینیوە ، بەڵام نەگەیشتۆتە پچڕان  . تەنانەت لە کاتی شەڕە نەگریسە کوردکوژەکەی ناوخۆشدا ، تاڵە موەکەی پەیوەندییەکان نەپچڕابو .کەواتە دیموکراتیی و نیشتمانیی  قەدەریان وایە هەر دەبێت پێکەوە کار بکەن  ، هەر بۆیە گرژیی نێوانیان نەك هەر کاردەکاتە سەر یەکڕیزیی نیشتمانیی لە ناوخۆ و بەغدا و ناوچەکەو جیهاندا ،بەڵکو لە ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییەکانیشدا بۆ کۆمەڵانی خەڵك  ، تەنانەت میزاجی هاوڵاتیانیش .
 ی ن ك و پ دك  پێکەوە نەبونایە هەرگیز بەرنامەو پلانی راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ سەری نەدەگرت ،بە بروسکەکانی نێوان  سەرۆك مامجەلال و رابەری مەزن کاك نەوشیروان لەگەڵ سەرۆك  بارزانییدا ،دەردەکەوێت کە ئەو پەیوەندییە پڕ تەباییە چۆن رۆچوبوە خوارەوە کە بوە فاکتەری سەرکەوتنی راپەڕین .  لە هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی خەڵکی کوردستانیشدا حیکمەتی  هەردو سەرۆك مامجەلال   بارزانی  بوە مایەی سەرخستنی ئەزمونەکە .لەدوای رێککەوتنامەی واشنتنیشدا  کاری پێکەوەیی  هەردو سەرۆك ،دەستکەوتی زۆر و زەوەندی بۆ گەلەکەمان لە کوردستان و عێراقدا  بەدەستهێنا ، ئارامییەکی بێ وێنە. و خۆشگوزەرانیی و ئاوەدانیی یەکی بێ وێنەی  هێنابوە ئاراوە ،کە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا  لە هەولێر ئاماژەی بۆ کرد کە "سەرۆك مامجەلال و سەرۆك بارزانی  کاری زۆریان بۆ کورد وعێراقییەکانی تریش کردوە ".
ئەوەش بەرهەمی تەبایی و پێکەوە هەڵکردن بوە .
 ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەمولایەك بە تایبەتیی ی ن ك و پ د ك بەستەڵەك و بەربەستە دەرونییەکانیان بشکێنن و لە پێناوی  بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان دڕ بە مەحاڵ  بدەن و ئاشتییەکی رەواو  راستەقینە بۆ هەرێمەکەمان بهێننە ئاراوە ،بە بڕوای بەندە، سەرۆك بارزانی دەتوانێت لەمەشدا دەستپێشخەر بێت  و خۆی هەردولا کۆ بکاتەوە و سەرپەرشتیی کۆبونەوەکەیان بکات ،ئیتر هیچ بیانویەك نامێنێت بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەکەی کە رۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی  بارزانی   خستیە  رو ،بەوەش هەمو دڕدۆنگیی و حەساسێتێك دەڕەوێتەوە  .دەکرێت بەڕێزیان بە هەمان گیانی  سەرۆك مامجەلال کار بکات   بۆ باڵا خستنی بەرژەوەندییەکانی گەل ، کە هەرگیز نەدەسڵەمییەوە لە شکاندنی بەستەڵەکە دەرونیی و حزبییەکان .
بەرژەوەندییەکانی گەلی پێ لە هەمو گرنگتر بو .
بەو هیوایەی سەرۆک مەسعود بارزانی خۆی پێش هەژدەی مانگ دەستپێشخەرییەکی مامجەلال ئاسا بکات .

13/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر