چیرۆکی بێ سەرو شوێنکراوان لە عێراق

بورهان شێخ رٶوف
ونکردن و بێ سەروشوێنکردنی خەڵک و کەسانی چالاکوان و ڕۆژنامەوانان تاوانێک لە کوشتن قورسترو قێزەونتر،کاریگەرەیەکەشی خراپتر،چونکە کوشتن کەسوکارەکەی دڵنیادەبن نەماوە،بەڵام ونکراو تا رۆژگارێکی درێژ ھەردەبێت لە چاوەڕوانیدا بن، ئەنجامدەرانی پاڵەوانی گومناون و ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن، چونکە بەرنەفرەتی گەل دەکەون .

ھەمووان لەو باوەڕدا بووین لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دکتاتۆری بەعس، ئیتر توندوتیژی سیاسی کۆتایی بێت، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوە فڕاندن و ئەشکەنجەدان وکوشتن و ھەتک کردن و گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەلایەن ھەندێک ھێز و لایەنی سیاسی و میلیشیاوی یەوە پەیڕەو دەکرێت و ھیچ تێناگەن لە مانای دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و سەروەربوونی یاسا، بەڵکو دەستەمۆی بیرو باوەڕی کۆنەپەرستی و وڵاتانی دەرەکین .

ئەوەی مایەی شەرمەزاری و لە ھەمانکاتیشدا زەنگێکی  مەترسیداری  گەورەیە بۆئایندەی عێراق وعێراقیەکان، راپۆرتێکی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوورە کە دان بەوەدا دەنێت (( عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین حاڵەتەکانی شوێن بزربووانی تێدا تۆماردەکرێت لەسەر ئاستی جیھان، کە ژمارەی ونبووان بە ٢٥٠ ھەزار کەس تا ١ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت )).

کە چاوێک بە ڕۆژنامەو ماڵپەڕە تایبەتەکان بە مافی مرۆڤ دەگێڕیت، بەڕاستی سەرت سوڕدەمێنێت لە ئاست ئەو ھەموو بێ ئابڕوویی و سووکایەتی و ئەشکەنجەدان و سەرانە سەندن و دەیان و سەدان چیرۆکی کارەساتبارت بەرچاو دەکەوێت لەلایەن تاقم و گروپە چەکدارەکانەو دەرھەق بە زیندانیان و فڕێنراوەکان و دواتر سەرانەو پارە وەرگرتن لە خێزان و کەس و کارەکانیان .

لەلایەکی ترەوە کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق ٧٥ حاڵەتی ونکردنی تۆمار کردووە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی تشرینەوە لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە، ھەندێکیان ئازادکران لە زیندان، بەڵام ٥٠ کەسیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە .

ھەر بە گوێرەی  کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور عێراق  یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی تێدا تۆمار دەکرێت لە سەر ئاستی جیھان ،ئەم کۆمیتە نێودەوڵەتیە تایبەتە بەم کەیسە ،کەلەگەڵ حکومەتی عێراق بە ھاوبەشی کاردەکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ھەموو ئەو شوێن بزرکراوانە، کە ژمارەکەیان لە نێوان ٢٥٠ ھەزارکەس تاوەکو ١ملیۆن کەسە لە کاتی پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە تا ئێستا .

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ دا (٨٦١٥ ) حاڵەتی شوێن بزربوونە تۆمارکردووە ١٢ھەزار ونبوو، زیاتر لە ٨٠٠٠ لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ .

زۆربەی ئەوانە تاوانەکەیان ئەوە بوو کە چالاکوانی مەدەنی بوون یان ڕایەکی جیاوازییان ھەبووە یان پۆستێکیان نووسیووە دژ بە میلیشیاکان .

گۆڕستانی بە کۆمەڵ یان گۆڕستانی ئاسایی

بە گوێرەی سەرچاوەکانی پزیشکی دادوەری لە بەغداد  فەرمانگەکەیان تەنھا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ((٤٩١))تەرمی نەناسراویان بەخاک سپاردووە ،کەپێدەچێت تەرمی ئەو کەسانە بوون کەلە زیندانی میلیشیاکاندا کوژراون یان مردوون کە خەڵکی بەغداو نەجەف و کەربەلاوباشووری عێراق بوون ،بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری مردنەکەیان بکرێت .

لە ماوەیەی دواییدا گۆڕستانێک لە خۆرئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبار دۆزرایەوە ،تەرمی چەند کەسێکی تێدابوو ،کە جل و بەرگ و ئێسکانی تێدابوو ،نیشانەی ئەوە بووکە قوربانیەکان خەڵکی سڤیلن ، لەسەر کەلەسەرەکانیان کون تێدابوو ،نیشانەی ئیعدام کردن بوو بەکۆمەڵ و گوللەباران کرابوون ، بەرپرسێکی ئاسایشی ناوچەکە بە ڕۆژنامەوانانی وتبوو ئەم شوێنە پێشتر بارەگای میلیشیاکان بووە .

قەربووکردنەوە

دەربارەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شوێن بزرکراوەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بە بڕەپارەیەک ،ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراقی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە حکومەت ھیچ زانیارییەکی وای لە بەردەستدا نیە کە بتوانێت گەڕان و لێکۆڵینەوە بکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان و سزادانی تاوانباران ،ھەربۆیە حکومەت ھەموو ئەوانە دیار نەماون تۆماریان دەکات ،چ ئەوانەی لە کاتی کردەوە تیرۆریستیەکاندا نەماون ، یان ئەوانەی کە کۆچیان کردووە و ئاوارەن ، بێ ئەوەی ھیچ لێکۆڵینەوەیەک لە تۆماریان یان شوێنەکانیان بکات ، ئیتر ئەگەر کوژرابێتن یان لە زیندان بن یان پەیوەندییان بە تاقمە تیرۆریستەکانەوە کردبێت .

لە کۆتاییدا کۆمیتەی نێودەوڵەتی چاودێری پابەندبوونی عێراق دەربارەی بەزۆر شوێن بزرکراوەکان ، کە دەستەڵاتی وەرگرتنی سکاڵای کەسوکاری شوێن بزرکراوەکانی ھەیە ، داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتی دادی عێراق کردووە سەبارەت بەو کەیسانە ،بەڵام وەزارەتەکە ھیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە. 

08/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر