پەلاماردانی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا

بورهان شێخ رٶوف
لە چەند رۆژی ڕابردوودا ھێزەکانی ئەمریکا کەوتنە بەر پەلامارو شاڵاوی میلیشا چەکدارەکان لە عێراق و سوریا لە ھەماھەنگیەکی ورد و نەخشە بۆ داڕێژراودا .

سوپای عێراق لە ٨/٧/٢٠٢١ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەوی چوارشەمە سێ مووشەک لە نزیک باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدادی پایتەخت کەوتوونەتە خوارەوە، دوای ئەوەی بنکەی عەین ئەلئەسەدیش لە پارێزگای ئەنبار کەوتە بەر پەلامارێکی رۆکێتی تر، لە سوریای دراوسێی عێراقیش ھێزەکانی ئەمریکا بەر شاڵاوی ھاوشێوە کەوتن، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا ھێرشێکیان بە درون (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سەر چاڵە نەوتەکانی عومەر لە ریفی دێرزور شکست پێھێنا .

ھەر لەو چوارچێوەدا دوای چەند کاتژمێرێک شەوی دووشەمە لەسەر سێشەمەی ڕابردوو پاش خستنە خوارەوەی درونێک لە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی ھەولێریش لە ھەرێمی کوردستان کە بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە کەوتە بەر ھێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیانی وای لێ نەکەوتۆتەوە تەنھا ھەندێک پووش و پەڵاش سووتاوە، لە ھەمانکاتدا وتەبێژی ھێزەکانی ھاوپەیمانیش ڕایگەیاند کە درونێک لە نزیکی فڕۆکەخانەی ھەولێر تەقیوەتەوە زیانی گیانی نەبووە . ئەوەشی ڕاگەیاند کە ھاوپەیمانان ھاوکاری و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنی ھەرێم.

دوای دوازدە سەعات لە ھێرشەکەی ھەولێر بنکەی عەین ئەسەدیش لە خۆرئاوای عێراق کەوتە بەر ١٤ مووشەک لە جۆری گراد.

ملیشیاکانی سەرایای ئەولیائولدەم بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی ھەولێریان گرتە ئەستۆ ،لەلایەکی ترەوە میلیشاکانی تۆڵەی خوێنی موھەندیس بەرپرسیارێتی خۆیان لە ھێرشەکەی سەر بنکەی عەینوئەسەد ڕاگەیاند.

سوپای ئەمریکا زانیاری وڕاپۆرتی وردی داوە بەحکومەتی عێراق لە سەر ئەو لایەنانەی کە لە پشت ھێرشەکانی سەر ھەردوو بنکەی عەینلئەسەد و ھەولێرو ناوچەی سەوزی بەغداوەن ، شوێن و کاتی ھەڵسانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و بەکارھێنانی تواناکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەنجامدانی پەلامارەکانیان .

پرسیارە گرنگەکە و مەترسی گەورەی ئەم ھەڵکشانی توندوتیژییە ئەوەیە کۆسپ و بەربەستی گەورە بۆ ھەڵبژاردنە پێشووەختەکەی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو دروست بکرێت و ئەنجام نەدرێت بۆ مانەوەی زۆرتاقم ومیلیشات کە جومگەی گەورەی دەستەڵاتیان لە عێراقدا قۆرخکردووە ، دەترسن لە دوای ھەڵبژاردنەکە لە دەستی بدەن .

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری عێراق جومعە عیناد و باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق(ماسۆ تیلەر) پێش ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر بە داخراوی ئەنجامدرا و بە وەزیرەکەی عێراقی ڕاگەیاندووە کە زانیاری و بەیاناتی وردیان لە بەردەستدایە لە سەر ئەو تاقم و چەکدارانە کە ھەڕەشەو مەترسین بۆ سەر ھێزەکانیان و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەکاردێنن و پێ ی ڕاگەیاندووە کە ئەمە کاردانەوەو کاریگەریسیاسی توندی دەبێت نەک ھەر ئەمنی.

لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە شوێنگۆڕکێیان بە ھێزو سەرکردەکانیان کردووە ، لە ترسی ھەر کاردانەوەو گورزی ھێزەکانی ئەمریکا ، پێشبینی ئەوە دەکەن ئەمجارە گورزەکانی ئەمریکا شوێن و جێگەو پێگەی تر بگرێتەوە نەک سنوورەکانی سوریاو عێراق .

لە کۆتاییدا ھەموو ئەو کێشەو ململانێ ی درێژخایەنانەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق ئاکامەکەی کارەساتبار دەبێت بۆ گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە , بۆیە بڕیاردان لە سەر ھەر پێشھات و بڕیارێک لەسەر ئەم مەسەلە ھەستیارانە پێویستی کۆدەنگی نیشتمانی یە لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵی عێراق ، نەک تەسلیم بوون بە ئیرادەوخواستی ھەندێک تاقم و میلیشیاتی وابەستە.

14/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر