من هیچ ناڵێم!

دلاوەر سۆفی


ئەوەی لەبەر دیدی بەڕێزتاندایە هەواڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی زۆر سانایە کە لەوڵاتێکی خواپێداودا گوزەراوە، رەنگە ئەگەر بەخیلییان پێبەرین ناهەقمان نەبێت هەرچەندە دەست بەدوعام لەچاوی بەد بەدور بن‌و بەچاوی ئێمەی چارەڕەشیشەوە نەبن. بەسەرهاتەکە لەڕۆژنامەی (Kurier) هەروەها (WOCHEN BLICK ) وەرگیراوە، چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نەمساش پەخشیان کردوەو دەتوانن لەچەندین پێگەی ئینتەرنێتیدا بیبینن.


رۆژی شەشینیسانی ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتی نەمسا (Kristian Kern )ی تەمەن پەنجاویەک ساڵ، کە خۆیان راوێژکاری پێئەڵێن لەکردەیەکی چاوەڕوان نەکراودا خۆی دەکات بەدوکانێکی پیتزا فرۆشتندا لەیەکێک لەگەڕەکە میللیەکانی ڤیەننادا، کە ئەوروپاییەکان ئەو شارە بەدڵی ئەوروپا ناوزەد ئەکەن، داوای ئەوەیان لێئەکات کە رێگەی بدەن چەند داواکاریەکی پیتزا بگەیەنێتە ماڵان، بۆیشیان رون ئەکاتەوە مەبەست لەم کارەی ئەوەیە راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکداو بێ خۆئامادەکردن قسە بکات، بیانوەکەشی ئەوەیە کە خەڵک سەردانی ناکەن بۆ ئۆفیسەکەی لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەر بۆیە بەرگی کرێکارێک ئەپۆشێ‌و کامێرایەک لەپاکەتێکی پیتزادا چەسپ ئەکات تاچاوپێکەوتنەکانی پێ تۆمار بکات، لەماوەی سێ سەعاتدا پیتزا ئەگەیەنێتە حەوت ماڵ، زیاتر لەحەوت یۆرۆش شاگردانە وەرئەگرێت دوای بەدەست گەیاندنی داواکانیان داوائەکات کە رێگەی بدەن بۆ چەند دەقیقەیەک بچێتە ژورەوە لایان دابنیشێ‌و قسەیان لەگەڵ بکات تابزانێ خەڵکی لەچی نیگەرانن، یاخود چاوەڕوانی چین لەپیاوانی سیاسی وڵات، پاش جێبەجێکردنی بیرۆکەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کردیانە هەڵا کە گوایە جەنابی سەرۆک وەزیران بۆ خۆنواندن ئەم کارەی کردوەو ئۆتۆمبێلی حکومەتی بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی پیتزاکان، لەوەڵامدا ئەو پیاوە وتی پیتزافرۆشیەکە بەمۆتۆرسیکل داواکانیان دەگەیاندە ماڵان، بەداخەوە من مۆتۆڕسیکلم نیەو لێشی نازانم، بۆیە ناچار بوم ئەو ئۆتۆمبێلە بەکاربهێنم کە هاتوچۆم پێئەکات بۆ سەرکارەکەم. رۆژنامەی (القدس العربي) یش لەسەر ماڵپەڕی ئەلەکترۆنی خۆی لەڕۆژی (٢٢/٤/٢٠١٧) دا ئەم هەواڵەی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی‌و بڵاوی کردەوەو گرنگی دا بەوقسەیەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە کە وتویەتی ، (بەداخەوە، خەڵک نایەن بۆ بنکەی راوێژکاری، بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات خۆم بچم بۆلایان)


من هیچ ناڵێم!!! خۆزگە بمزانیایە ئێوەی خوێنەر ئەڵێن چی؟


08/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر