کورد و شەڕی ژمارەکان

فارس نەورۆڵی
بیرکاری دەقیقترین زانستە، بەڵام کاتێک تێکەڵی بەرژەوەندی سیاسی دەکەی بەتایبەتی لەناو گەلانێکدا کە هێزی بیرکردنەوەیان لاوازەو نەیانتوانیوە ببنە نەتەوە(بێ دەوڵەتن)، وەها بیر دەکەنەوە بە تەنها بەرپرسی شارێک گوندێک گردێک عەشیرەتێک بن، بەڵام هاوبەشی یەکتر قبوڵناکەن، کە بەرپرسیارییەتی هەموو گەل لە ئەستۆ بگرن. 

بۆیە مێژووی کورد پڕە لە وێستگەی یەکترشکاندن و تەخوین کردنی یەکتر، هەتا ئەو ڕادەیەی جوانیەکانی بیرکاری ناشیرین بکەین. 

بەردەوام ساڵانە ژمارە (١٠) ڕۆژی خیانەتی ئەوانە و ژمارە (٢٠) ڕۆژی خیانەتی ئەوانەی دیکەیە و هەتا دواتر. کارەسات لەوەدایە ئەکادیمی و ڕۆشنبیران لەبری ئەوەی ئەو ژمارانە ڕایانچڵەکێنێ تێکەڵ بەو گەمەیە دەبن، کە دەبوو هێڵێک بکێشن لە نێوان خۆیان و ئەو ڕوداوانەدا. کاربکەن بۆ قوڵ نەبوونەوەی ڕق و کینە. 

مێژووی هەموو نەتەوەیەک جوانی و ناشیرینی تێدایە و دۆست و دوژمنی هەیە، جاش و باشی هەیە، بەڵام جیاوازی نەتەوەی زیندوو لە نەتەوەی کڵۆڵ  ئەوەیە نەتەوەی زیندوو لە هەڵەکانی پەند وەردەگرێ و توێژەرە گەورەکانیان توێژینەوەی لەسەر دەکەن. بۆ ئەوەی هەڵەکان بگۆڕن بۆ پێداچونەوە، بەڵام نەتەوەی پەرتەوازە لە بری پەند لە یادی هەڵەکاندا، یەکتر دەکەن بەپەن و ئامادەکردنی ڕۆحی شەڕەنگێزی بەهێزتر دەکەن بەرامبەر یەکتر، لەم جۆرە هەڵانەدا ئێمەی کورد نمونەیەکی جیاوازوشازین بەبەراورد لەتەک گەلانی دیکەدا، من کە ئەمە سەرنجمە لەسەر ژمارەکان لە ترسناکی دەرەنجامەکانی تێدەگەم قورسای باجەکەی دەزانم لەسەر نەوەکانی ئێستا و ئایندە. 

بۆیە ئەگەر هێزەکان لە خەمی ئەم نەتەوەدان ناکرێ ئەمڕۆ یەکتر بە خائین بزانین و بەیانی بە پێکەنینەوە باوەش بۆ یەک بگرینەوە. ئەمڕۆیەک بە دوژمن بزانین بەیانی باسی برایەتی بکەین. پێویستە ئێمە لە مانای چەمکەکان تێبگەین چەمکی دوژمن، چەمکی خیانەت ئەم چەمکانە گاڵتە جاڕی نین لە فەلسەفەی سیاسیدا زۆر مانادارن، بۆیە ئەگەر بە تەنگی داهاتووی پرۆسەی سیاسی یەوەین، دەبێت چیتر ئەو ژمارانەی بە ناشیرینی تۆمارکراوی زەقی نەکەینەوە. دەبێ چیتر نەوەی نوێ و کۆمەڵگا ماندوو نەکەین بەو یادگارە ناشیرینانە و جێیان بهێڵین بۆ توێژەران و ئاقڵمەندان شەڕی ژمارەکان بگۆڕن بۆ دۆخی بیرکردنەوە.

17/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر