کەجەکە لەبارەی ڕووداوەکەی ئامێدی ڕاگەیەندراوێکی توندی بڵاوکردەوە

لەسەر ڕوداوەکەى مەتینا و گرژى و ئاڵۆزییەکانى چەند ڕۆژى ڕابردوو کەجەکە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پارتى خۆى ڕادەستى سوپاى تورک کردووە و هەوڵى ڕزگارکردنى ئەو سوپایە لەشکست دەدات کە بەدەستى گەریلا بەبنبەست گەیشتووە". 

کۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان- کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پارتى هەوڵ دەدات تورک لەتێکشکاندن و ڕووخان ڕزگار بکات لەکاتێکدا شەڕى گەریلا لەدژى دەوڵەتى داگیرکەر چڕبووەتەوە و سوپاى تورکیش بەبنبەست گەیشتووە".  

دەشڵێت" پارتى (پەدەکە) لەدژى ناوچەکانى گەریلا دەستى بەهێرشى گەمارۆدان کردووە و لەئەنجامى ئەوەدا شەڕ لەنێوان گەریلا و پەدەکەدا ڕوویدا و ئەوەى پارتى پێشتر بەنهێنى دەیکرد ئێستا بەئاشکرا دەیکات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان و رێکخراوە دیموکراتیکەکان دەبێت لە دژی نزیکایەتی و رەفتارەکانی پەدەکە، کە خۆی خستووەتە بەر دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، لە هەمو شوێنێنکدا هەڵوێست نیشان بدەن و بە بەهێزی پیشتیوانی لە تێکۆشانی گەریلا بکەن.

دەقی راگەیەنراوەکەی کەجەکە:

پەدەکە هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک لە تێکشکاندن و رووخان رزگار بکات

"لە کاتێکدا شەڕی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چڕ بووەتەوە و سوپای تورک بە بنبەست گەیشتوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی ناوچەکانی گەریلا دەستی بە هێرشی گەمارۆدان کرد. لە ئەنجامی ئەوەدا لە نێوان هێزە تایبەتەکانی پەدەکە و گەریلا شەڕ روویدا. پەدەکە بەو هەڵوێستەى خۆی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەشداری شەڕ بووە. ئەوە هاوبەشیکردن و شەریکایەتییە لە شەڕدا، کە تاوەکو ئێستا بە شێوەکی شاراوە بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئیدی ئاشکرا بووە. پەدەکە بەو کارەی هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورکی هاوبەشی خۆی لە تێکشاندن و رووخان رزگار بکات. بۆ ئەوەش ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات.

'ئامانجی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بووەتە یەک"

ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی پەدەکە بوونەتە یەک. شەریکایەتیی لە شەڕیشدا لە چوراچێوەی بوون بە یەکی ئامانجەکانیاندایە. ئامانجەکەشیان ئەوەیە، گەریلا لەو شوێنانەدا، کە ماوەی ٤٠ ساڵە تیادایەتی، بە شەڕ بێکاریگەر بکەن تاوەکو نەتوانێت لە دژی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە ببات. هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە نییە و تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە. رۆڵی دەوڵەتی تورک چەکوشە و رۆڵی پەدەکەش سندانە.

هەپەگە زۆر جار داوای لە پەدەکە کردووە دەست لە سیاسەتی گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا هەڵبگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە هاوکاریدایە، دەستی لەو سیاسەتەی هەڵنەگرتووە. بە تایبەتی لە هەستیارترین ساتەکانی شەڕی نێوان گەریلا و دەوڵەتی تورک دا دەستوەردان دەکات و هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک، کە لاواز بووە هێزی بەبەردا بکاتەوە. بەو شێوەیە پشتگیری لە داگیرکەریی پاکتاوکاری دوژمنی کوردان دەکات، کە ئەوە وەک رووڕەشی لە مێژووی گەلی کورددا دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا، کە پەدەکە دەیخواست لەگەڵ ئێمە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، گفتوگۆ لەسەر کێشەکان بکات و هەندێک چاوپێکەوتنیش ئەنجامدران، گرتنەبەری هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە مانای فریودان و پیلانگێڕییە لە دژی بزووتنەوەکەمان.

پەدەکە لە هەر شەڕ و لە دەستدانێک بەرپرسیارە

ئاشکرایە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی گەریلایە لەیەکتر، ئەوە بە مانای راگەیاندنی شەڕە لە دژی گەریلا. چەند رۆژ لەوە پێش فازڵ میرانی بەرپرسێکی پەدەکە وتی، دەبێت لە دژی گەریلا شەڕ بکرێت. ئەو وتەیە بۆ خۆی ئەوە نیشان دەدات، کە بۆ کارێکی لەو شێوەیە ئامادەکارییان کردووە، بۆیە پەدەکە لە روودانی هەر شەڕ و لە دەستدانێک بەرپرسیارە.

رای گشتیی کورد باش دەزانێت، کە دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرش ئەنجام دەدات. گەریلا لە دژی ئەو ھێرشانە بە شێوەیەکی فیدایانە بەرخودانێکی بێ هاوتای نیشانداوە. دووەمین گەورە سوپای ناتۆ لە هەندێک ناوچەى سەر سنووردا چەقیوە. گەریلا بە رێباز و تاکتیکی نوێ، تەکنیک و هێزی شەڕی سوپای تورکی پووچ کردووەتەوە. سەرباری ئەوەى راستییەکە بەوشێوەیەیە، پەدەکە هەڵدەسێت ئەو بەرخودان و داگیرکەرییەی دەوڵەتی تورک وەک یەک نیشان دەدات. بە تایبەتی لەبارەی داگیرکەرییەوە هیچ ناڵێت، بەڵام گەریلا تاوانبار دەکات. مەسرور بارزانی لە ناو پەدەکەدا هەموو جارێک باس لە دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە دەکات، بۆ ئەوەى ئەنجوومەن (پەرلەمان) لە هەولێر لە دژی داگیرکەری هەڵوێست نیشان بدات هیچ داوایەکی لێیان نەبوو، بەڵام داوا دەکات لە دژی گەریلا هەڵوێست وەربگرن. بەو داوایە عەقڵییەت و سیاسەتی خۆی خستەبەرچاو. ئاشکرایە ئەوە عەقڵییەت و هەڵوێست و سیاسەتی کورد نییە.  

پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک غەفڵەتێکی مێژووییە

زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە، کە باشووری کوردستان لەلایەن پەکەکەوە دەپارێزرێت. کەس ناتوانێت خواستی پەکەکە بۆ پاراستنی باشووری کوردستان بکاتە بابەتی قسەلەسەر کردن. کاتێک داعش خۆی گەیاندە بەردەم هەولێر، گەریلا دەستێوەردانی کرد. مەسعود بارزانی سپاسی گەریلای کرد و دەوڵەتی تورکی تاوانبار کرد، کە لە دژی داعش پشتیوانیی نەکردوون. لە ناو راستییەکی وەهادا تاوانبارکردنی گەریلا، کە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات پێچەوانەکردنەوەى راستییەکانە. پشتیوانیکردن لە گەریلا بە لایەک، بەڵام پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی تورک بە سوکترین قسە و وتە، بە مانای غەفڵەتێکی مێژووییە.

ئەوەى دەبێت هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی باشووری ئەنجامی بدەن، ئەوەیە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن و داوا لە دەوڵەتی تورک بکەن بە خێرایی لە خاکی کوردستان بڕواتە دەرەوە. لە بری ئەوەى ئەو کارە بکەن، دەوڵەتی تورک و گەریلا وەک یەک نیشان دەدەن و داوا لە گەریلا دەکەن دەست لە بەرخودان هەڵگرێت و  دەست لە ناوچەکانی بەرخودان بەردات. ئەو داوایە خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتى تورک دەکات، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت بە پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی کوردان پاکتاو بکات و بیانسڕێتەوە.

دەبێت هەموو کورد لە دژی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن

ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆی رۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، رێکخراوە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوەیە، کە لە دژی ئەو هێرشانەى پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. داوا لە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان دەکەین، کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن. ئەم کات و قۆناغە بۆ گەلی کورد کاتێکی مێژوییە. لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، کە سەرۆکایەتی بۆ دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات، ئەگەر هەڵوێست نیشانبدرێت و تێکۆشان بەڕێوەببرێت، ئەوا داهاوتوی گەلی کورد لە هەر ٤ پارچە رووناک و ئازاد دەبێت. ئەگەر لە دژی ئەو هێرشە پاکتاوکارییە هەڵوێستی هاوبەش نەبێت و تێکۆشان بەڕێوەنەچێت، ئەوا هەر ٤ پارچەکەی کوردستان دەکەونە بەر مەترسییەکی گەورە. دەبێت هەموو کوردێک ئەو مەترسییە ببینێت و بە بەرپرسیاریی مێژووی بجوڵێتەوە.

هێرشکردنە سەر مەخمور ئەنجامی سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە

ئەو رۆژەى پەدەکە بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دەستی بە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا کرد، دەوڵەتى تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر مەخموری بۆردومانکرد. ئەوە ئەنجامی سیاسەتی هاوبەشی دەوڵەتى تورک و پەدەکەیە، کە لە دژی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەڕێوەی دەبەن. پەدەکە بۆ خۆی ٢ ساڵە کامپی مەخموری گەمارۆداوە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیش ئەو کامپە گەمارۆدراوە بۆردومان دەکەن. پەدەکە لەوێدا بەو گەمارۆدانە بە رۆڵی سندان هەڵدەستێت. ئەگەر کامپێکی پەنابەرانی سیاسی گەمارۆ بدرێت، ئەوا دەوڵەتى تورکیش پشت بەو گەمارۆدانە دەبەستێت و بەوە رەوایی بە هێرشە و بۆردومانەکانی بۆ سەر کامپەکە دەدات.

خەڵکی مەخمور بە راپەڕین لە دژی زوڵم و جەردەوانیی دەوڵەتی تورک لە هەڵوێستی خۆیاندا بۆ کوردستانی ئازاد پێداگرییان کرد و کۆچیان بۆ باشووری کوردستان کرد. دەوڵەتی تورک رێک ئەو زوڵم و هێرشە لە باکووری کوردستان لە دژی گەل ئەنجامی دەدات دەیگوازێتوە بۆ سەر مەخمور. لە باکووری کوردستان بۆ چی هێرش دەکاتە سەر گەل لە مەخموریش بۆ هەمان ئامانج هێرش دەکاتە سەر گەل. بۆیە دەبێت هەموو کورد لە هەموو شوێنێکدا خاوەنداری و پشتیوانی لەو گەلە بکەن، کە دەیان ساڵە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا خۆیان راگرتووە و سازش لەسەر کوردایەتی، ئازادی و هەڵوێستی شکۆمەندانە ناکەن. دەبێت لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنەکاندا راپەڕن. رۆژ رۆژی تێکۆشانە، لە هەموو شوێنێکدا هەموو رۆژێک لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک راپەڕن.

گەلی کورد، هێزە سیاسی و رێکخراوە دیموکراتیکەکان، دەبێت لە دژی هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی پەدەکە، کە خۆی خستووەتە بەر دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، لە هەموو شوێنێکدا هەڵوێست وەربگرێت و لە دژی داگیرکەری، بە بەهێزی پشتیوانی لە تێکۆشانی گەریلا بکرێت. ژنان و گەنجان لە هەموو شوێنێکدا لە دژی داگیرکەری پاکتاوکاری دوژمنی کوردان، لە ریزی پێشەوەی پێشەوە تێکۆشاندان بن، کۆمەڵگە بخەنە ناو جموجوڵ و بە رۆڵی مێژوویی خۆتان هەستن.

هێرش و رێگری و لەمپەرەکان چی دەبن با ببن، بەڵام کاتێک بەرخودان نیشان درا ئەوا گەلی کورد بە دڵنیاییەوە بە تێکۆشانی ئازادیی، کوردستانی ئازاد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک دەئافرێنێت. ئەو رۆژە نزیکە، بە بەرخودانی خۆمان لە هەموو شوێنێکدا ئێمە ئەو رۆژانە زۆر نزیکتر دەکەینەوە".


PM:06:08:06/06/2021