وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەپێشوازی سەرۆکی هەرێمدا هەڵەبوو


وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند " دوێنێ هەڵەیەک لە پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی فڕۆکەخانەی مهر ئاباد لە تاران روویداوە، لە کاتی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق".
 
لەو بەیانەدا کە میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردەوە " لە کاتی پێشوازی لە بارزانیدا، ئاڵای هەرێمی لە جێگای ئاڵای کۆماری عێراق هەڵکراوە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات " کە گرنگ ئەو کۆبوونەوە فەرمییە بووە کە سەرۆکی هەرێمی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گرێدراوەو ئاڵای عێراق بە تەنها دانراوەو ئەمەش راستیەکەیە". 

لە بەیانەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا هاتووە " کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی عێراق و رێزگرتن لە سەروەری دەکاتەوە و شیرینترین خوێنی لەو رێگایەدا بەخشیوووەو، کەس بۆی نییە موزایەدە بەمەوە بکات کە ئێران دراوسێیەکی بە وەفایە لەو بابەتەدا".

ئەمڕۆش لە کاتی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و شاندەکەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی  ئێراندا، نێچیرڤان بارزانی وتی "  وەك كورد خۆمان بەبەشێك لەئێران‌و شۆرشی ئیسلامی ئێران دادەنێین، بۆیە هیواخوازین پەیوەندییەكان لەهەموو بوارەكاندا پێشبكەوێت لەسەردەمی حكومەتی نوێی ئێران".

هەروەها لە دوێنێوە میدیاکان و لێکۆڵەرەوە سیاسیەکانی پارتی و دەروەی پارتیش شیکردنەوە بۆ ئەو هەڵوێستەی ئێران دەکەن کە ئاڵای کوردستانیان لە پێشوازی نێچرڤان بارزانی هەڵکردبوو، ئەمڕۆش وەک وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند " هەڵە بووە".



PM:11:15:06/08/2021