بەرپرسانی هەرێم لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکەن

ئەمڕۆ بەبۆنەی (٣٣)مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا سەرۆکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت"  دەبێت خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکرێت".

لە ڕاگەیەندراوێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" له‌م ياده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عيراق ده‌بێ بڕياره‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عيراق بۆ قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ى قوربانييان جێبه‌جێ بكات، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش خزمه‌تى زياتر به‌ كه‌سوكارى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان بكرێت". 

سەرۆکی هەرێم دەشڵێت" ده‌بێ كارى جددى بۆ به‌دۆكيوومێنتكردنى تاوانه‌كان و ناساندنيان به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ تا ڕێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى تاوانكاريى وا له‌ هه‌موو شوێنێكى سه‌رزه‌مين بگيرێت و مرۆڤايه‌تى هه‌رگيز تاوانى وا نه‌بينێته‌وه‌". 

لەلایەکی دیکەشەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەم بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بکاتەوە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا جەختیش دەکاتەوە،  حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.

ئه‌نفالكردنى بادينان كه‌ كۆتايى شاڵاوى ئه‌نفاله‌كان بوو، له‌ ٢٥ى ئابه‌وه‌ تا ٦ى ئه‌يلوولى ١٩٨٨ هه‌موو ناوچه‌كانى بادينانى گرته‌وه‌ و پاش كیمیابارانكردن، تەواوی پێكهاتەكانی سنوورەكە، لەلایەن پێنج فیرقەی سەربازییەوە، روبەڕوی گرتن و راگواستن بوونەوە.

لەئەنفالی بادیناندا، پێكهاتە جیاوازەكانی دانیشتووی سنوورەكە ئەنفالكران، كە بەشێكیان كوردی ئێزدی بوون، پرۆسەكە بە چاودێریی و سەرپەرشتی فەریقی یەكەم عەدنان خەیروڵڵا وەزیری بەرگریی ئەوكاتی عیراق و عەلی حەسەن مەجید (عەلی كیمیاوی) و بەسەرۆکایەتیی لیوا روكن یونس محەمەد فەرماندەی فەیلەقی پێنج و لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد فەرماندەی فەیلەقی یەك و لیوا روكن كامل ساجد سەعید فەرماندەی فەیلەقی دوو بەڕێوەچوو.


AM:11:23:25/08/2021