یەکێتی لە کاتی ناکۆکیەکانی نێوان هاوسەرۆکاندا
٣١ ی ئاب بە خیانەت ناوزەد دەکەن


  بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر رووداوی ٣١ ی ئاب و هەماهەنگی نێوان پارتی و رژێمی بەعس و داگیرکردنی هەولێر، مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە ٣١ ی ئاب بە " خیانەت " ناو زەد دەکات و هێرشدەکاتە سەر پارتی.

لەو راگەیەندراوەدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە " بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی ٣١ ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەگە سەدەیەك لەهێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بەهاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەخت".

 لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەو دەرچووە هاتووە " یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەواو بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك".
 
راگەیاندراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی (25) ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئابدا
بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەكانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بەتەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەگە سەدەیەك لەهێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بەهاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەكەمان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازاو بەجەرگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێكۆشەرانی رێی رزگاری .

ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون، تەنها شەش ساڵ بوو میللەتەكەمان ئەزموونێكی دیموكراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو كە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.

ڕاستە گەلەكەمان بەقوربانیدان و سووربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشتیوانی دۆستان، توانی بەسەر ئەم ئازارە كەمەر شكێنەدا زاڵبێت و رێگەی ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی كوردستان بدۆزێتەوەو رێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەركەوتن بەسەر رێی تۆڵە و ناكۆكی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەكە سەدەیەك لەو كارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانییەوە دەناڵێنێ كە پایتەخت و تەواوی كوردستانی خستە بەردەم مەحەكی هەڵوەشانەوەو تێكەڵبوونی بە كاغەزو ئەجێندەی سەپاندنی دیفاكتۆی هێزو دەست تێكەڵكردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆرو تێكدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سروشتی سیاسی .

یەكێتی بەتایبەتی و گەلەكەشمان بەگشتی بەپێویستی دەزانێت كە برینی تاوانی 31ی ئاب بەیەكجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاكتۆی ناڕەواو بەگرتنەبەری بژاردەی دیموكراسیی و ئازادی و دادپەروەری راستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی كۆمەڵانی خەڵك.

سڵاو لە شەهیدانی بەرەنگاری سوپای بەعس و تێكڕای شەهیدانی گەلەكەمان.

سڵاو لە سەب و خۆراگڕی میللەتەكەمان كە چاوی لە ئایندەو دواڕۆژی گەشترە.

سڵاو لە خەڵكی خۆڕاگری هەولێری پایتەختی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:10:25:30/08/2021