کەجەکە لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی کەمپی قادیا لە زاخۆ وەڵامی بەرپرسانی پارتی دەداتەوە

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان -کەجەکە راگەیەنراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردوی کەمپی قادیا لە زاخۆ بڵاوکردەوە و ده‌ڵێت" شێوەی تەقینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە".

کەجەکە لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، درەنگانی شەوی ٣٠ی ئاب لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کامپی قادیا لە زاخۆ، دو منداڵ کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربون، کە خەڵکی ئێزدی لەوێ نیشتەجێبون. بە وتەی هەمو شایەتحاڵان، "شێوەی تەقینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراوە بەڵام تا ئێستا ڕون نەکراوەتەوە. چەند بەرپرسێکی پەدەکە و ئیدارەی پەدەکە لە کامپەکە، هەوڵیانداوە پەکەکە وەک بەرپرسیاری تەقینەوەکە پیشان بدەن.

ئەوەش هاتوە" روداوەکە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە پەدەکە هەوڵ دەدات  نەک بە تەنها وا پیشان بدات کە ڕوداوەکە پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکەوە نییە کە کاری هەمیشەییەتی، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا بۆ سەر گەلەکەمان پاک لەقەڵەمدەدات. بەرپرسانی پەدەکە کە لە بەرانبەر هێرشی ١٦ و ١٧ی ئابی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بازاڕی شەنگال و نەخۆشخانەکە بێدەنگن، بەرلەوەی بچنە شوێنی ڕوداوەکەی قادیا، تەڤگەرەکەی ئێمەیان تۆمەتبار کردوە و بۆیەش ئێمە شەرمەزاریان دەکەین و بە بۆچونی ئێمە ئەمە پیلانێکی ئەنقەستە. بۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە دژی ئەو هەمو لێدوانە ئاژاوەگێڕیە و پێش دادگاییکردنە هەڵوێست وەربگرن و بەرپرسانی پەدەکە شەرمەزار بکەن". 

ده‌قی‌ راگەیەنراوەکەی‌ کەجەکە:

درەنگانی شەوی ٣٠ی ئابی ٢٠٢١ لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کامپی قادیا لە ناوچەی زاخۆی هەرێمی فیدراڵی کوردستان، دوو منداڵ کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برندار بوون، کە خەڵکی ئێزدیمان لە دوای کۆمەڵکوژی داعش لەوێ نیشتەجێ بوون.

بە وتەی هەموو شایەتحاڵان، شیوەی تەقینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراوە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە. چەند بەرپرسێکی پەدەکە و ئیدارەی پەدەکە لە کامپەکە، هەوڵیانداوە پەکەکە وەک بەرپرسیاری تەقینەوەکە پیشان بدەن. ئەم ڕێبازەی دەسەڵاتدارانی پەدەکە و هەوڵە ئاژاوەگێڕیەکانی، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە پەدەکە هەوڵ دەدات  نەک بە تەنها وا پیشان بدات کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکەوە نییە کە کاری هەمیشەییەتی، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا بۆ سەر گەلەکەمان پاک لەقەڵەمدەدات. بەرپرسانی پەدەکە کە لە بەرانبەر هێرشی ١٦ و ١٧ی ئابی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بازاڕی شەنگال و نەخۆشخانەکە بێدەنگن، بەرلەوەی بچنە شوێنی ڕووداوەکەی قادیا، تەڤگەرەکەی ئێمەیان تۆمەتبار کردووە و بۆیەش ئێمە شەرمەزاریان دەکەین و بە بۆچونی ئێمە ئەمە پیلانێکی ئەنقەستە.

لەلایەکی ترەوە دوای کۆبوونەوەی عێراق و سەردانەکەی ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هێرشەکەی سەر قادیا ڕوویدا و بە زوترین کات چەند بەرپرسێکی پەدەکە هەوڵیاندا ڕووداوەکە بخەنە ئەستۆی تەڤگەرەکەمان، ئەمەش ئەو تێڕوانینە بەهێزتر دەکات کە پێش ڕووداوەکە ئەوان ئاگاداری هێرشەکە بوون. بۆیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە دژی ئەو هەموو لێدوانە ئاژاوەگێڕیە و پێشدادگاییکردنە هەڵوێست وەربگرن و بەرپرسانی پەدەکە شەرمەزار بکەن.

بزووتنەوەکەمان وەک جاران، ئێستا پشتیوانی لە گەلی ئێزدیمان دەکات. بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شەنگال و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، بۆیە هەموو دەرفەتەکانمان سەفەربەر کردووە. ئەو ڕووداوە ئەوەشی خستەڕوو کە بە زوترین کات پێویستە خەڵکی شەنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن. ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە یارییەکانیان لەسەر خەڵکی ئێزدیمان بوەستێنێت، داواش لە ڕای گشتی جیهان دەکەین کە پشتگیری لە داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی ئێزدیمان بکەن بۆ خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن.


PM:06:08:31/08/2021