ئەندامێکی سەرکردایەتی: دەرفەت بۆ دانوستان لەنێوان بافڵ و لاهور نەماوە


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە دەرفەت بۆ دانوستان نەماوە و، دەڵێت"بافڵ تاڵەبانی زۆر ئارامی گرت، لەکاتێکدا ڕۆژانە سوکایەتی بەماڵی مام جەلال و هەموو سەرکرایەتی کراوە، هەموو پەیجە شاراوەکانیان دەناسین، هیچ نەما، پێمان نەکەن، قەبوڵیشمانکرد، تا هاتە سەر ئەوەی خەڵک هانبدەن دەنگ بەیەکێتی نەدات، کەواتە ئەوان لەیەکێتی چوونەتە دەرەوە."  

غازی کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، کە نزیک بافڵ تاڵەبانییە بەدەنگی ئەمەریکای وتووە "کاتێک کێشەکان ڕوویاندا، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بوو لەنێو خۆماندا و نەڕواتە ڕاگەیاندن، بەڵام دیاربوو برادەرانی بەرامبەر، خەڵکیان کۆکردەوە و کێشە دروستبوو."  

ئەو بەرپرسە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگەیاندنەکان "بەناچاری" وەسفکرد، وتی"کاک لاهور خۆی پێشنیاری کرد، گەر ٦٣ ئەندامی سەرکردایەتی واژۆ بکات، ئەو قەبوڵی دەکات، دواتر پاشگەز بوویەوە. 

غازی کەرکوک "خستنەڕووی نهێنیەکان"ی لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە بەکارێکی باش ناوبرد، وتی" تاکەی چاوەڕێ بکەین، خۆ حیزبێک ناکەینە قوربانی چەند هەڤاڵێک، کەهەموویان براو برادەرمانن، ئەوان هەڵەیان کردووە و دەبێت ئەنجام قەبوڵ بکەن."  

جەختیشیکردەوە"بافڵ تاڵەبانی هیچی تری نەهێشتەوە کە چاوەڕوانی بکرێت، بەناچاری ڕاستیەکانی خستەڕوو، هێشتا کەمیشی وت، شتی زۆر نەوتراو ماوە."  

غازی کەرکوکی، جەختیشیکردەوە"ڕۆژانە دەیان جنێو و هەڕەشەمان لەلایەن پەیج و خەڵکی شاراوەوە بۆ دێت، بەڵام گوێمان لێی نیە، چونکە وەک مام جەلال وتی، گورگمان زۆر دی و لێی نەترساین."  



PM:08:01:05/09/2021