تەڤگەری ئازادی لەسەر کوژرانی (شوکری سەرحەد) هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەو کەسانەی لە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکەیان کوشتووە، وێنە و ڤیدیۆیان دەست دەزگا ئەمنیەکان کەوتووە و لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا، ڕوومەتیان هەڵنەپێچاوە". 

تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" بەرپرسانی پەکەکە ڕایانگەیاندووە، شوکری سەرحەد ماوەی ١٥ ساڵە لە هەرێمە و کاری بۆ بنەماڵەی شەهیدان کردووە، چونکە پەکەکە لە هەرچوار پارچەی کوردستان شەهیدی هەیە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیشی شوکری سەرحەد ئەنجامدانی کاری مەدەنی بووە، هیچ چالاکیەکی سەربازی نەبووە، ئەو تەمەنی نزیکەی ٧٠ ساڵ بووە و هیچی لە خۆی شک نەبردووە، بۆیە لە سلێمانی دا بەسادەیی سوڕاوەتەوە.

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، لەبارەی دەستگیرکراوەکەوە باسی لەوەکرد، هێشتا بەفەرمی دان پێدانانی دەستگیرکراوەکە بڵاونەکراوەتەوە، تا نەیبینین، ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵام شەش کامیرا و دەیان ڤیدیۆی بکوژەکە لەبەردەست هێزە ئەمنیەکاندایە.

وتیشی" بکوژەکە، بێ دەمامک و بێ چاویلکە و بێ شاردنەوەی ڕووخساری، تاوانەکەی ئەنجامداوە، پێشتر سوڕاوەتەوە و لەفە و چای خواردووە، کاتێکیش تاوانەکەی ئەنجامداوە، بە ئاشکرا ڕوومەتی دەرکەوتووە، بۆیە گەر وێنەی دەستگیرکراوەکە جێی گومان بێت، دەکرێت لەگەڵ ڤیدیۆکاندا بەراورد بکرێن، تا هاوڵاتیان دڵنیابنەوە لەوەی دەستگیرکراوەکە، بکوژی ڕاستەقینەیە". 

بەپێی وتەی تارا حسێن، ئەو کەسانەی هەستاون بە "تیرۆرکردنی" شوکری سەرحەد، ژمارەیان چوار کەس بووە، یەکێکیان تەقەی لێکردووە، ئەوانیتر شۆفێر و چاودێریکار بوون، کە ئۆتۆمبێلێکی پیکاب دەبڵیان پێبووە.

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، شوکری سەرحەد بەرپرسی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە کوژرا، دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکردووە، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە دەڵێن، چوار کەس تاوانەکەیان ئەنجامداوە، نەک یەک کەس.


PM:05:18:19/09/2021