" ئەوانەی باسی ساختەکاریان کرد پۆستی سەرۆکی پەرلەمان‌و جێگری حکومەتیان وەرگرت"

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازل میرانی دەڵێت" هەندێک لایەن باسی ئەوە دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی ساختەکاری کردووە، بەڵام خودی ئەو لایەنانە لە پارتی زیاتر سوودمەند بوونە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیرانیان وەرگرتووە".

لە وتارێکیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر، فازل میرانی رایگەیاند " ئەوانەی لایەنەکانی دیکە پێیان ساختەیە، لە ناوەڕۆکدا وا نییە، بەڵکو ئەوە کۆبوونەوەی زۆرینەی خەڵکە لە دەوری پارتی".

میرانی داوای لە لایەنەکان کرد لەبری ئەوە بە خراپە باسی یەکدی بکەن، با بە باسی باشەکانی رابردوو و ئەمڕۆ و ئایندەی خۆیان بکەین.

لە درێکەی قسەکانیدا وتیشی "لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکان یەکێک لە شەریکەکانی ئێمە کەمترین کورسی هێنابوو، پۆستی سەرۆک وەزیرانمان پێدا، کەواتا ئەوەی ئەوان دەڵێن ساختەکارییە ئێمە دەڵێین نەخێر، بەڵکو زۆرینەی خەڵکە لە دەوری پارتی کۆبووەتەوە و دەنگ بە پارتی دەدەن".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "هەندێک لایەنە تەنها باسی ئێمە دەکەن، واتا ئێمە بە تەنیاین لەوەی کردوومانە بە چاک و خراپ، ئەی خۆیان؟، زەحمەت نەبێ با واز لە یەکتر بێنین، لە جیاتی ئەوەی بە خراپ باسی یەکتر بکەین، با چاکەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و پێشهاتەکانی سبەی بخەینەڕوو".



PM:08:24:28/09/2021