فەرمی.. توركیا چوونی گەشتیارانی عیراقی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی وڵاتەكەیەوە بۆ بیلاڕوسیا قەدەغەكرد

ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی توركیا چوونی گەشتیارانی هەریەک لە (عیراق و سوریا و یەمەن)ی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی وڵاتەكەیەوە بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا قەدەغەكرد.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی وڵاتی تورکیا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" گەشتی بیلاروسیا لە هاوڵاتیانی عێراق و سوریا و یەمەن قەدەغەکرا و بڕیارەکەش تا ئەو کاتەی رێنمایی نوێ و بڕیاری نوێ دەردەچێت جێبەجێ دەکرێت".

ئەمڕۆش نوێنەری نوسینگەی سەرۆكی پۆڵندا یاكوب كۆموچ، لەبارەی راگرتنی شەپۆلی كۆچبەران لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵندا، رایگەیاند" ھێڵی ئاسمانی تورکیا پێداگری کردووە لەسەر رێگەنەدان بە گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی لە رێگەی ھێڵی ئاسمانی ئەوانەوە گەشت بۆ منسکی پایتەختی بیلاروسیا بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو: چیتر رێگە بە گەشتی هاوڵاتیانی عێراقی، سوریی و یەمەنی نادرێت، جگە لە هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی.


PM:05:30:12/11/2021