مەسعود بارزانی: مەترسی گەورە لەسەر هەرێم هەیە

سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئاماژەکردنی بۆ هێرشەکانی داعش لەسەر گەرمیان و گوندەکانی نزیک چیای قەرەچووغ، وتی" مەترسی گەورە لەسەر هەرێم هەیە".

ئەمڕۆ شەممە ٤ ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کورد بە بەشداری نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کورد لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو. مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە کۆنگرەکەدا گوتارێکی پێشکێشکردو باسی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردو هاوکات جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هێرشەکەی دوێنێی داعش بۆسەر گوندی خدرجیجەو، ناوچەی گەرمیان بەبێ تۆڵەکردنەوە تێناپەڕێت. 
 
هەروەها وتیشی "هەرگیز گەلی کوردستان بژارەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار کرابێت بەرگری لەخۆی کردووە، بەرگریکردنیش مافێکی رەوایە، بەرگریکردنی گەلی کورد بەرگریکردن بووە لە مان و نەمان.. هیچ رۆژێک لە رۆژان کورد نەچووەتە سەر خاکی کەسێکی دیکە و تەعەدای لە کەس نەکردووە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەش دەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە مان و نەمانی خۆی بکات."
 
لەبارەی دۆخی کورد بە شێوەیەکی گشتی وتی "ئێمە ئومێدەوارین و داواکارین کە دۆزی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسی چارەسەر بکرێت، شەڕ چارەسەر نییە نە بۆ کێشەی گەلی ئێمە و نە بۆ هیچ کێشەیێکی دیکە، بەڵام خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە لێرەدا، ئێمە وەکو کورد وەکو کوردستانی دەبێت زۆر وریا بین ناکۆکی لەگەڵ رژێمەکان نابێت ببێتە دووژمنایەتی لەگەڵ گەلان."

بارزانی چەند پێشنیارێکی بۆ رەوەندی کوردی کرد، لەوانە، رەوەندی کوردی کارێکی جیددی بکات بۆ خۆڕێکخستنەوە و بۆ کۆکردنەوەی هەموو دڵسۆزان و وڵاتپارێزەکان لەژێر سێبەری ئاڵای پیرۆزی کوردستان.

هەروەها داوای کرد، رێزگرتن لە یاسا و رێسای ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، هەروەها خۆ بەدوورگرتن لە هەر کارێکی ناڕاست و دژی یاسا.

بارزانی جەختی کردەوە کە هانی گەنجەکان بدەن بۆ خوێندن و خۆپێگەیاندن، پەروەردەی منداڵان بە مێژوو و زمان و کولتووری گەلی خۆیان نابێت لەبیر بکەن.

داوای لە ئەندامی کۆنگرە کرد کە دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هەموو رەوەندی نەتەوەکانی دیکە کە لەگەڵ ئێوە لە وڵاتەکانتان.

مەسعود بارزانی وتیشی" کۆنگرە هەوڵێکی جدی بدات بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دۆست بۆ دۆزی گەلی کوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی پشتیوانی ئێوە بکەن بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەموو ئەو تاوانانەی دەرحەق بە گەلی کوردستان کراون".



PM:01:15:04/12/2021