تا ئێستا ئەندام سەرکردایەتییەکەی یەکێتی کە لەلایەن هێزێکی حیزبەکەیەوە رفێندراوە، چارەنووسی نادیارە

لە دوێنێ شەوە غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن هێزێکی حیزبەکەیەوە رفێندراوە، تا ئێستا چارەنووسی نادیارەو دەزگا حیزبی و ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حیزبەش هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردۆتەوە.

شەوی رابردوو هەینی، دانا غازی کەرکوکی کوڕی ئەندام سەرکردایەتییەکەی یەکێتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردبوەوە، کە باوکی لەلایەن هێزێکی یەکێتییەوە رفێندراوە.

رفاندنی غازی کەرکوکی لە سلێمانی بووە لە گوندی قەیوان کە دەکەوێتە رۆژئاوای شارەکەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی.

تا ئێستا یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لە بارەی ئەو رووداوەوە هیچیان بڵاونەکردۆتەوە.

هەندێک زانیاری سەرەتایی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی ئەو ئەندام سەرکردایەتییە پەیوەندی بە ناکۆکی و ژەهرخواردنکردنەکانی نێو ئەو حیزبەوە هەیە کە لە مانگی تەموزەوە باس دەکرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا هەمان هەواڵێک لەبارەی دەستگیرکردنی غازی کەرکوکییەوە بڵاوکرایەوە، بەلآم ناوبراو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رەتیکردەوە.




AM:08:56:08/01/2022