سەرۆکی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە سەپاندنى سزا بەسەر رووسیادا

سەرۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕایدەگەیەنێت" واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر مۆسکۆ لە بەرامبەر خواستی ڕووسیا بۆ کۆنترڵکردنی ئۆکرانیا". 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارى ساڵانەى خۆیدا لەبەردەم کۆنگرێسى وڵاتەکەى رایگەیاند" ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە هەڵەدا چووبوو وە پێی وابوو جیهان بێ دەنگ دەبێت لە ئاست هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بەڵام نەیدەزانی ڕووبەڕووی کاردانەوەیەک دەبێتەوە کە هەرگیز بە هزریدا نەهاتووە".

ئەوەشی خستەڕوو، خەڵکی ئۆکرانیاش لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکیـیەوە هەتا هەر تاکێکی ئۆکرانی بوێرانە ڕووبەڕووی ڕووسیا بوونەوە، خەڵکی بە جەستەیان لە بەرامبەر تانکەکانی ڕووسیا وەستانەوە، لە خوێندکارەوە هەتا مامۆستای خانەنشین چەکیان هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان.

سەبارەت بە سزاکانی سەر ڕووسیا، بایدن ئاماژەی بەوەکرد" وڵاتانی ئەوروپا بە سویسراشەوە لەگەڵ ژاپۆن و ئوسترالیا و کۆریای باشور و نیوزیلاندا و چەندان وڵاتی دیکە سزایان سەپاندووە بەسەر ڕووسیا، واشنتن بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سزای توند بەسەر مۆسکۆ دەسەپێنێت". 


AM:10:26:02/03/2022