وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم: ئه‌و كه‌سه‌ی سوكایه‌تی به‌ مه‌رجه‌عیه‌ت كردووه‌ ده‌ستگیر ده‌‌كرێت

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسێک پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و سوكایەتی بە مەرجەعیەت كردوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسە دەرچووە". 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" كەسێك بەناوی (نایف كوردستانی) تویتێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا باسی لە مەرجەعیەت كردوە و ئەوەش بە سوكایەتی لێكدراوەتەوە". 

ئەوەش هاتووە" ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سوكایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەكان بكرێت و دەستدرێژیان بكرێتە سەر و ئەو كارە بە هیچ جۆرێك قەبوڵ نییە". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كەسەی ئەو تویتەی بڵاوكردوەتەوە تەنیا گوزارشت لە رای خۆی دەكات، هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان رون و راشكاوە لە رێزگرتن و نرخاندنی رۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی و ئەو هەڵوێستەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و لەسەری بەردەوام دەبن. 

شەوی رابردوو نایف كوردستانی لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو" مەرجەعێکی عەربمان دەوێت کە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەک مەرجەعی هیندی و فارسی".

تویتەکەی ناوبراو لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە کرد و لەبەردەم بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد ناڕەزاییان دەربڕی، هەروەها دەوترێت نایف کوردستانی كادری پارتییە و داوای لێبوردنیشی كردوە.


AM:08:27:28/03/2022