سەندیكای پزیشكان لەسەر قسەكانی ئەبوبەكر هەڵەدنی هاتە دەنگ


سەندیكای پزیشكانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەبارەت بە تۆمەتباركردنی پزیشكێك لەلایەن پەرلەمانتار ئەبوبەكر هەڵەدنییەوە، بەدواداچوون دەكەن.

سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "شەوی رابردوو لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی تایبەت بە مانگی رەمەزانی پیرۆز، ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پزیشكێك تۆمەتبار دەكات بە دەستدرێژیكردنە سەر نەخۆشەكانی".

سەندیكای پزیشكان ئاماژەی بەوەكردووە "سەرەڕای ئەوەی شێوازی تۆمەتباركردنەكە و باسكردنی لەسەر شاشەكان بەم شێوەیە پێش یەكلاییكردنەوەی لەلایەن دادگاوە دەچێتە قاڵبی ناوزڕاندنی توێژێكی گرنگی كۆمەڵگا، لە هەمانكاتدا بە دوادا چوون و لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەین و بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە رێككاری یاسایی دەگرینەبەر". 

شەوی رابردوو ئەبوبەكر هەڵەدنی رایگەیاند "پزیشكێكی جوانكاری بەبیانووی ژیانی هاوسەرگیری، دەستدرێژی كردۆتە سەر پێنج ژن".



PM:12:57:08/04/2022