ڕاوێژكارێكی سه‌رۆكی حكومه‌ت ناوەرۆکی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرا ده‌كات

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" شاندی هەرێم بۆچوونی خۆی لەبارەی نەوت و غاز و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی بنەڕەتی گەیاندە حکوومەتی عێراق، کە پێویستە بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن". 

بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردوو لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق لە وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە، مەبەست لەو سەردانەش دەستپێشخەریەکی باش بوو، کە حکوومەتی ھەرێم کردوویەتی بۆ ئەوەی دەرگایەک بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، گفتووگۆکانیش نەک تەنھا لەسەر نەوتە، بەڵکو لەسەر پێشمەرگە و بوودجە و گومرگە". 

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بەپێی ئەو ماددە دەستوریانەی باسی نەت و غاز دەکەن، بە جۆرێک چارەسەریەک بدۆزینەوە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی عێراق بگونجێت وەکو یاسا باسی دەکات و ھاوکار دەبین بۆ ئەوەی ھەماھەنگی زیاتر بکرێت، وەزارەتی نەوتی عێراقیش زۆریان پێخۆش بوو شاندی ھەرێم سەردانی ئەوانی کردووە و باسیان لەوە کردووە ھاوکار دەبن، ھەروەھا ھەندێک داواکاریشیان ھەبوو، ھاوکات شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ راوێژ ڕۆیشتبوون لەو سەردانەدا نەک بۆ رێککەوتن، بۆیە لەکۆتاییدا باس لەوەکرا باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش خۆش بێت و کێشەکان چارەسەربکرێت و بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق کە چۆن باسی نەوت و غازی کردووە و ئەو ماددانە جێبەجێ بکرێن و یاسای نەوت و غاز دەربکرێت. 

ناوبراو وتیشی" جەختکرایەوە پێکەوە ڕەشنووسێک ئامادە بکەن لە بارەی یاسای نەوت و غاز و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە ئەوە باشترین چارەسەری بنەڕەتییە بۆ راستکردنەوەی ئیدارەی نەوت لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان و نوێنەری ھەموو پارێزگاکانیشی تێدادەبێت لەکاتی ئامادەکردنی، بۆیە بۆچوونی حکوومەتی ھەرێم ئەوەبوو، چونکە لە پارێزگاکانی عێراقیش گلەیی لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت ھەیە، بۆیە پێویستە سیستەمێکی نوێی بۆ دابنرێت، ئەوەش بە یاسای نوێ چارەسەر دەکرێت".

خنسی باسی لەوەشکرد، ھیچ رێککەوتن نەکراوە و تەنھا بۆچوون ئاڵوگۆڕ کراون و بەردەوامیش دەبن و دەرگای گفتووگۆ بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئارامی زیاتر ھەبێت و کاریگەری خراپی نابێت، بۆیە ئەو کێشانە ھەمووی لە حکوومەتی نوێی عێراق یەکلایی دەکرێنەوە، بە تایبەت یاسای نەوت و غاز، کە چارەسەری بنەڕەتی ھەموو کێشەکانی نەوت دەکات. 


PM:01:26:13/04/2022