ئاسایشی رۆژئاوا فشار دەخاتە سەر هێزەکانی ئەسەد لە رۆژئاوا

مانگێکە هێزەکانی بەشار لەشاری حەلەب گەمارۆیان خستۆتە سەر گەرەكی شێخ مەقسود، بەرامبەر ئەوەش هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوا فشاریان خستۆتە سەر هێزە ئەمنییەکانی شارە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان.

لە روونکردنەوەیەکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان ڕەتیدەکاتەوە، دامودەزگاکانی سەر بە ڕژێمی سووریایان لە قامیشلۆ کۆنترۆڵ کردبێت، بەڵکو دەڵێت: هێزەکانمان ڕێوشوێنی ڕێگرییان لە دژی هێزەکانی سووریا گرتووەتەبەر، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی حکومەتی سووریا لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا هاتووە: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو زانیاریی بڵاوکراوەتەوە، کە باس لەوە دەکەن هێزەکانمان لە شاری قامیشلۆ چوارگۆشەی ئەمنیی و ژمارەیەکی زۆر دامودەزگای خزمەتگوزاریی سەر بە ڕژێمی سووریایان کۆنترۆڵکردووە و کارمەندەکانیان دەرکردوون.
ئاسایشی ڕۆژئاوا دەڵێت: ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەو زانیاریی و دەنگۆیانە ناڕاستن، بەڵکو هێزەکانمان لەو ناوچانەی کە هێزەکانی ڕژێمی سووریای لێ هەیە، ڕێوشوێنی ڕیگرییکردنیان گرتووەتەبەر، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو گەمارۆ قورسەی، کە هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ڕژێمی سووریا خستوویانەتە سەر هاوڵاتیانمان لە گەڕەکی شێخ مەقسود.

ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان جەختیش دەکاتەوە، کە ڕێوشوێنەکانیان لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامیشلۆ بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ڕژێمی سووریا گەمارۆ لەسەر گەڕەکی شێخ مەقسود هەڵدەگرێت، ئاماژە بەوەش دەکات: هێزەکانمان ئەو دامودەزگایانەیان کۆنترۆڵ نەکردووە و کارەکانیان ڕاناگیرێت و کارمەندەکانیان دەتوانن بەردەوامبن لە کارەکانیان.

نزیکەی مانگێکە سوپای سووریا گەمارۆی خستووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود ئەشرەفییەی حەلەب، کە دوو گەڕەکی کوردنشینن و ڕێگەنادات ئارد و ماددەی خۆراکیی و سووتەمەنییان پێ بگات.



AM:12:51:15/04/2022