لە هەولێر پیاوێک کۆتایی بە ژیانی ژنەکەی خۆی هێنا

ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا. 
 
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە تعجیلی نوێ لە سنوری نەحیەی شەمامک، دەرکەوت کەوا ئافرەتێک بەناوی (بەهار زەکەریا فەتاح) تەمەن (٣٣) ساڵ، کوژراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای بەدوواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە هێزەکانمان بە کەمتر لە (٥) کاتژمێر هاوسەرەکەی بەناوی (ا. ظ. م.) دەستگیر بکەن کە لە ئاکامی ڕوودانی دەمەقاڵی لە نێوانیان لەسەر کێشەی خێزانی لێیداوە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ڕاشیگەیاند" پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە ڕێکخرا و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و تۆمەتباری ناوبراو دەستبەسەرە لەلایەن پۆلیسی هەولێر". 


PM:06:01:09/05/2022