بەیانی ئەمڕۆ نووسەر و شاعیری ناوداری کورد، عەبدولڕەزاق بیمار کۆچی دوایی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد (عەبدولڕەزاق بیمار) لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە کەمێکی دیکە لە گۆڕستانی (دەروێش خدر) لە کۆیە ئەسپەردەی خاک بکرێت و پرسەکەی لە هۆڵی (سکتانیان) بەڕێوەدەچێت.
عەبدولڕەزاق بیمار، ساڵی (١٩٣٧) لە كۆیە لەدایكبووە و قۆناغەكانی خوێندنی لە شارەكەی تەواوكردووە، ساڵی (١٩٦٣) لە یەكەم خولی یەكەم بەشی كوردی لە زانكۆی بەغداد پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە و لە ساڵی (١٩٨٤)ەوە هەتا (١٩٩٠) مامۆستای بەشی كوردی زانكۆی بەغداد بووە.
بیمار، یەكەم شیعری ساڵی (١٩٥٤) لە ڕۆژنامەی (ژین) بڵاوكردووەتەوە، وەك ئەندامی دەستەی نووسەران لە گۆڤارەكانی (پەروەردە و زانست، هیوا، ڕەنگین، ڕۆشنبیری نوێ، نووسەری كورد) كاریكردووە و خاوەنی زیاتر لە (١٥) كتێبی چاپكراوە جگە لە بەرهەمە چاپنەكراوەكانی و سەدان بابەتی جیاجیای لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا بڵاوكراونەتەوە.