وەزیری خوێندنی باڵا: کرێی خوێندن بەرێژەی ٤٥% کەم دەکرێتەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لەپێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و خانەوادەکانیان، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا توانیویانە کرێی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێوارانیان بە رێژەی ٪٤٥ بۆ کەمبکەنەوە.

 

 ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ ی حوزەیران، د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و کار و چالاکییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، وتارێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند "لەپێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و خانەوادەکانیان، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا توانیویانە کرێی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێوارانیان بە رێژەی ٪٤٥ بۆ کەمبکەنەوە".

 

دەقی وتارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 

لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی وەزارەتەکەماندا، پێم خۆشبوو مشتێک لە خەرمانی دەستکەوتەکانمان بۆ ئێوە ڕابگەیەنم. هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە نوێکردنەوەی سەرکردایەتی زانکۆکان کە پرسێکی یەکجار گرنگ بوو، لە کۆی ١٤ سەرۆک زانکۆی حکومی لە ئێستادا ١٢سەرۆک زانکۆیان گۆڕاون.


هەروەها گۆڕانکاری لە ڕاگری کۆلێجەکان ئەنجام دراوە، نزیکەی(٦٠) ڕاگر لە زانکۆکان گۆڕاون و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.


هەروەها ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکردەی ئەکادیمی ژن بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، لە ئێستادا سێ خانم سەرۆکی زانکۆن لە نێو ڕاگرەکانیش دەرفەتی گونجاو بۆ خانمانی کوردستان دەڕەخسێنین.


هەروەها لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە ڕێژەی (٤٥٪) کەمکردەوە، لە پێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و کەس و کاریان. لەم پرۆسەیەشدا بە دەیان ملیار دینار هاوکاری کەسوکاری خوێندکاران کراوە.


یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئێمە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی تایبەت، لە ساڵی یەکەمدا (٢٥٪) و ساڵانی دواتر، بەپێی ئەنجامەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی، کرێی خوێندنی تایبەت بە ڕێژەی (١٠٪ بۆ ٢٠٪) کەمکرایەوە.


لەناو ئەو قەیران و هەلومەرجانەی کە هەیە، توانیمان کار بکەین بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) و (٢٠١٦-٢٠١٧) کە ژمارەیان نزیکەی ٣ هەزار قوتابی دەبێت.


یەکێکی تر لە چالاکییەکانی وەزارەتمان ڕاگەیاندنی ٦ هەزار کورسی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵی و ماستەر و دکتۆرا. بۆ یەکەمین جار ئێمە توانیمان پلانی وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بگەیەنینە ئاستێک کە ١٠٠٪ی دەرچوانی ئامادەیی، ئەوانەی کە داواکاریان لە ڕێگای سیستمی زانکۆلاین پێشکەشکردبوو، لە خوێندنی حکومیدا هەموومان جێکردوونەتەوە.


هەروەها دابینکردنی کورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ هاوسەر و منداڵانی شەهیدانی سەر بەرزی گەلەکەمان.


دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ سەرجەم ئەو پێشکەشکارانەی کە (شەنگال و کەرکوک و خانەقین) و ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان داوایان پێشکەش کردبوو.


دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارەکانی سوریا.


دەستەبەرکردنی پاڵپشتی دارایی مانگانە بۆ خوێندکاران بە بڕی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بە هاوکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز.


بەدەستهێنانی فەند و پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە ڕێگای پڕۆگرامەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت بەرنامەکانی ئیراسمۆس و ئیراسمۆس پلەس. بۆ نموونە: پرۆژەی تایگریس(TIGRIS) ، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمۆس پلاس و بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا لە بواری خوێندنی باڵادا لە نیوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢٠ جێبەجێکرا کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی تواناکان و پشتیوانی بە نێودەوڵەتیکردنی دەزگاکانی خوێندنی باڵا و بڕی ٣ ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان کرا.


هەروەها پرۆژەیApprais، ئامانجی گشتی پرۆژەی ئەپەرایس بریتییە لە مۆدێرنکردنی سیستەمی بەرێوەبردنی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بە گرینگیدان بە پلانی ستراتیژی و دڵنیایی جۆری و جولەی کرێدیت و ئاکامەکانی فێربوون بۆ ئەوەی بۆلۆنیا پرۆسێس بە شێوەیەکی باشتر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و بڕی یەک ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان کراوە. هەروەها ئامادەکردنی چەندین رێنمایی بۆ ڕێکخستنی کاروبارە جیاجیاکانی کەرتی خوێندنی باڵا، بەتایبەت ڕێنمایی مۆڵەتی خوێندن، ڕێنمایی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی.


خاڵێکی تر کە جێگەی ئاماژە پێکردنە فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆکانمانە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمیان.


هەروەها پێشکەوتنی بەشێکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندی ١٥ هەزاری زانکۆکانی جیهانەوە بۆ خوار ڕیزبەندی چوار هەزار یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کە جێگەی شانازی و دڵخۆشی وەزارەتەکەمانە.


تەرخانکردنی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاوکاری توێژەرانی کوردستان بە هاوکاری سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز.


پاراستن و دەربازکردنی پرۆسەی خوێندن لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی (Covid-19) دا یەکێکی دیکە بوو لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئێمە کە خەڵکانێک پێیان وابوو ئەرکێکی قورسە و هەورازێکی یەکجار سەختمان لە پێشە بەڵام بە پشتیوانی خوا و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییانی کوردستان توانیمان بە سەرکەوتوویی دەربازی بکەین.


لە ڕووی کارگێڕییشەوە لە کۆی ٣١ هەزار و ٣٣٢ دۆسیەی فەرمانبەران ٢٥هەزار و ٣٧٥ دۆسیە وردبینی کراون. کە ٢٩٩ پلەی زیادە وەرگیراوەتەوە و١٦٤ سەرموچەی زیادە کە خەرج کراوە.


ئەوەی کە لەم کورتە چاوپێکەوتنەدا پێشکەشی ئێوەی بەڕێزم کرد کۆی خەرمانی دەستکەوت و چالاکییەکان و ئەجێندای کاری ئێمە نییە، خوا یار بێت لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێچکانە و ئەم دەستکەوتانە گەشە پێ دەدەین و ئەوانەش کە ماون جێبەجێیان دەکەین و پێشکەشی هاووڵاتییانی خۆشەویستیان دەکەین.

 

 

 



PM:01:34:17/07/2022