"ھێشتا ئێسك و پروسكی یەك ئەنفالكراوی بادینان نەھێنراوەتەوە كوردستان"


یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان رایدەگەیەنێت "هێشتا ئێسك و پروسكی یەك ئەنفالكراوی ناوچەی بادینان نەهێنراوەتەوە هەرێمی كوردستان".

یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادینان دوا قۆناغی شاڵاوەكانی ئەنفال بوو، كە بە "خاتیمەی ئەنفال" ناسراوە، لە ٢٥ی ئاب دەستی پێكردو تا ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوو. جوگرافیای شاڵاوەكە هەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەتایبەتی ناوچەكانی ئامێدی و زاخۆ و ئەتروش و ئیمنكی و باتوفە و دێرەسورو كانی ماسی و شێخان لەگەڵ ناوچەی كوردنشینەكانی دەشتی نەینەوا".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لەم قۆناغەدا زیاتر لەحەفتا گوند بەر ھێرشی كیمیاوی كەوتن و تایبەتمەندی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، مسوڵمان و ئیزیدی و كریستیان ئەنفالكران. بۆ وەبیرهێنانەوە، لەم قۆناغەدا زیاتر لە پێنج ھەزار ژن و مناڵ و پیرو جوان بونەتە قوربانی شاڵاوو پەلامارەكانی سوپای رژێمی بەعس و، ھێشتا چارەنوسی ھەموویان نادیارە".

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان جەخت دەكەنەوە لە ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ئەنفال لەلایەن حكومەتی عیراق و حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە. بەتایبەتی "ھێشتا یەك ئێسك و پروسكی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە".



AM:09:39:25/08/2022