بەپەلە: داعش هەڕەشە لە ئەمەریکیەکان دەکات، کونسڵیش هاوڵاتیەکانی ئاگادار دەکاتەوە

‌رۆژنامەنووس جیمس فۆلی چەند ساتێک پێش سەربڕینی- تویتەر
دوای سەربڕینی رۆژنامەنووس جیمس فولی داعش هەڕەشە لە ئەمریکیەکانی عێراق دەکات‌و قونسڵخانەی ئەمەریکا لەهەولێر هاوڵاتیە ئەمریکییەکان ئاگادار دەکاتەوە.
سەرچێ‌وەیەکی ئاگادار  بە سپی میدیای راگەیاند کە ئەمڕۆ ٢١ ی ئاب چەند ئەمیرێکی داعش لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایتیەکانەوە ‌هەڕەشە لە ئەمەریکییەکانی عێراق‌و ناوچەکە دەکەن، کونسڵخانەی ئەمەریکاش لەهەولێر هەموو هاوڵاتییەکانی لە هەرێم‌و عێراق ئاگادار دەکاتەوە کە نەچنە شوێنە گەرمەکانی نزیک بەرەی شەڕ لەگەڵ داعش.
بەپێی ئەو ئاگادارکردنەوەیە کونسڵخانە، نابێت هاوڵاتیە ئەمەریکییەکان بچنە ناوچە جێ ناکۆکەکان کە ئێستا رووبەرووبوونەوەی نێوان ‌هێزی پێشمەرگەو داعشی تێدایە، لەوانە ناوچەکانی موسڵ، کەرکوک، باکوری دیالە.
رۆژی ١٩ ئاب چەکدارانی داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڤیدیۆی سەربڕینی رۆژنامەنووس جیمس فٶلی یان بڵاوکردەوە، هاوکات لەو کاتەوە ئەمیرەکانی داعش هەڕەشە لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکەن کە ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکانی لەدژی بنکە سەربازییەکانیانی ئەوان رانەگرێت، ئەوا هەموو هاوڵاتیەکی ئەمەریکی  ئامانجی هێرشەکانی ئەوان دەبێت.
ئەمەریکا ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی کە بەکاری جیاجیاوە خەریکن لە کوردستان هەیە، کە دیارترینیان ئەوانەن کە لە کۆمپانیاکانی نەوتدا کاردەکەن.   



PM:06:32:21/08/2014