سەرۆکی هەنگاریا گەیشتە هەولێر

ئەمڕۆ هەینی کاتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێکرا، کە یەکەم سەردانە لە جۆری خۆیدا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند" سەردانەکەی سەرۆکی هەنگاریا بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی پاڵپشتی ئەو وڵاتەیە بۆ خەڵکی کوردستان، هاوکات سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییە سەربازی و مرۆییانەش دەکەین کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا پێشکەشی هەولێری کردون". 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نۆڤاک لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لە سەردانەکەیدا کاتالین جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی و ئەو پڕۆژانەش دەکات بەرنامەی هاریکاری هەنگاری لە عێراق جێبەجێیان دەکات.

کاتالین نۆڤاک یەکەم ژنە کە بۆ سەرۆکی هەنگاریا هەڵبژێردرا، هەروەها له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ بچوکترین سه‌رۆكه‌ له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی دانیشتبێت.


PM:12:52:09/12/2022