"بنزیمە" ئاشکرای کرد بۆچی وێنەی لەگەڵ رۆناڵدۆ نەگرتووە لەسعودیە

کەریم بنزیمەی هێرشبەری یانەی ڕیال مەدرید ئامادەیی تیپەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرشەلۆنە لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا دووپاتکردەوە.


 سبەی یەکشەممە ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە یاریگای  فەهد لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.


 کەریم بنزیمە لە لێدوانەکانیدا لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممەدا ڕایگەیاند: سبەی یاری کۆتایی بەو مانایەیە کە نازناوێکی ترمان هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین، لە ڕیال مەدرید هەمیشە داوامان لێدەکەن نازناوەکان بەدەستبهێنین، هەروەها نیشانی بدەین کە ئێمە لێرەین هەموو ساڵێک بۆ هێنانی جامی مەدرید. دەبێت ئامادە بین بۆ بردنەوەی ئەم یارییە”.


 لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێکانم هەبوو و کاری باشم کرد بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە ئاستی خۆم، ڕاهێنان بە تۆپ دەکەم، گۆڵ دەکەم، یارمەتی هاوڕێکانم دەدەم، شێوازی یاریکردنم باشتر کردووە، دیارە گەڕامەوە، هیوادارم بتوانم یارمەتی هاوڕێکانم بدەم، گرنگترین شت بۆ ئێمە یاری سبەینێیە، ئامادەم، لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئامادەم، سەرنجم لەسەر یاریی سبەینێیە”.


 ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ساڵی ڕابردوو کە بۆ من گرنگ بوو، پێویستم بە کات بوو بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ باشترین ئاست، چێژ لە هەموو ڕۆژێک وەردەگرم.


 وتیشی: قسەکردن لەسەر هەڵبژاردەی فەرەنسا بابەتی سبەی نییە، بابەتەکە یارییەکانی سوپەر فاینەڵە، ناتوانم زیاتر باسی فەرەنسا یان مۆندیالتان بۆ بکەم، وەڵامی ئەوە نادەمەوە".


 ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە وڵاتێکی زۆر جوانە، هەموو هاندەران دڵخۆشن کە لێرەن، هیوادارین سبەی سەرکەوتن بەدەستبهێنین، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە، دوێنێ کریستیانۆ لەگەڵمان بوو، هیوادارم لێرە جیاوازی دروست بکات.


 دووپاتیشی کردەوە، پەیوەندی من لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ باشە، پێویست ناکات پێکەوە وێنەیەک بگرین بۆ ئەوەی بڵێین هاوڕێین، پێویستمان بەوە نییە، ئەو لەکاتی مەشقەکاندا بوو بەڵام کاتم نەبوو قسەی لەگەڵ بکەم ."


 جەختیشی لەوە کردەوە، ئیلکلاسیکۆ وەک هەمیشە یارییەکی زۆر گرنگە، هاوکات یاری کۆتاییشە، دەبێت مەشقێکی باش بکەین بۆ ئەوەی سبەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین.


 لە کۆتایدا وتی :"دەزانم ڕیال مەدرید نوێنەرایەتی چی دەکات بۆ من، هەرگیز یانەکە بەجێناهێڵم بۆ شتی تر، دەمەوێت هەموو یارییەک لێرە لەگەڵ تیپەکەدا ئەنجام بدەم".


PM:08:20:14/01/2023