ڕۆناڵدۆ دوای یەکەم بەشداریکردنی لە خولی سعودیە هاتە دەنگ

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی دڵخۆشی خۆی بە بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتنی لەگەڵ یانەی نەسری سعودی، هەروەها سوپاسی هاندەرانی کرد بۆ پاڵپشتی.

 لە یارییەکەدا کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە یاریگای "مارسوول پارک” لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، یانەی نەسر بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی ئەلئتیفاقی بردەوە.

 لە خولەکی ٣١ی یارییەکەدا ئەندەرسۆن تالیسکا یاریزانی بەڕازیلی گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد، بەمەش "نەسر" بە کۆکردنەوەی ٣٣ خاڵ پێشەنگی خۆی لە خولەکەدا بەهێزتر کرد، کە خاڵێک لە پێش ئەلهیلاڵی ڕکابەری تەقلیدییەوەیە، کە یارییەک کەمتری کردووە.

 ڕۆناڵدۆ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی "یەکەم یاری، یەکەم بردنەوە. ئافەرین کوڕان، سوپاس بۆ هەموو هاندەران بۆ پاڵپشتی سەرسوڕهێنەر".

 ڕۆناڵدۆ وێنەی یەکەم یاری خۆی لە خولی سعودیە لەگەڵ فۆڵۆوەرەکانی بڵاوکردەوە، کە تیایدا سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی پاڵەوانێتییەکە.

 ڕۆناڵدۆ ڕووی لە خولی سعودیە کرد، دوای ئەوەی بە گرێبەستێکی ئازاد بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسر کرد و لە زستانی ئێستای مێرکاتۆوە دەستی پێکرد.

 لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە یاریگاکانی سعودیە، لە کاتی یاری نێوان تیپەکەی لە یاری "وەرزی ڕیاز” و پاریس سانجێرمان بوو، کە لەم یارییەدا دوو گۆڵی بەرامبەر یانەی پاریس تۆمارکرد لە یارییەکەدا کە بە بردنەوەی دووەمیان بە ئەنجامی 5-4 کۆتایی هات.


PM:01:28:23/01/2023