بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی دیزڵاوا لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراوێک گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو مەجید شاوەیسی تەمەن ٣٥ ساڵ کە لەکاتی شەڕ و تێکەهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان بە چەقۆ بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" لەم شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا لە نێوان بەندکراوان، مەجید شاوەیسی بەهۆی برینداربوونی بە چەقۆ لە بەشی چەپی سینگ و دڵی و سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەجید شاوەیسی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ماوەی ١١ ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان دەستگیرکراوە.