لە بەندیخانەی ورمێ چوار بەندکراوی کورد لە سێدارە دران

لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ چوار بەندکراوی کورد بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە سێدارە دران.
 
ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا ڕایگەیاند" چوار بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە لە سێدارەدان سزا درابوون، بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە دراون". 
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەندکراوانە لە رۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە بەندکراوانی دیکە جیاکرابوونەوە و گواسترابوونەوە ژووری تاکە کەسی.

هەروەها ناسنامەی سێ لەو کەسانە ئاشکرا کراوە و خەڵکی شارەکانی سەلماس و نەغەدەی پارێزگای ورمێن. 
 
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم (٩٤) کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون کە (١٤)یان کورد بوون. 


PM:06:06:10/03/2023