هێرشی ئەمڕۆی درۆنەکەی تورکیا " ئینزارێک بووە " بۆ بافڵ تالەبانی

‌وێنە: ئەرشیف، کاتی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ رۆژئاواو کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدی و فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا
هێرشی ئەم ئێوارەیەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە نزیک کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی " ئینزارێک بووە لە تورکیاوە " بۆ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی ".

سەرچاوەیەکی سیاسی و ئەمنی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " ئەو درۆنەی ئەم ئیوارەیە نزیک کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆردومان کردووە، وەک " ئینزارێک " بووە، بەمەستیش لێی ئاگادارکردنەوەی زیاتری بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی بووە کە لەگەڵ هەسەدەو پەکەکەدا لە پەیوەندیەکانیاندا زۆر رۆشتوون.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا و دەزگا سیخوڕیەکانی ئاگاداری زۆربەی جموجوڵەکانی هەسەدەن  لە سلێمانی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی و لە پێشیشیانەوە بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی.

زانیاری پشتڕاستنەکراوەی لەو شێوەیەش هەیە کە لە رۆژانی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی لە دەرەوەی عێراق و لە وڵاتێکی ناوچەکە چاوی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لە سوریا کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هێرشی ئەمشەوی نزیک کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبووە.

هاوکات لە کاتی بۆردومانەکەدا چەند سەرکردەیەکی هەسەدە لە سلێمانی بوون، بەلآم دووربوون لە بۆردومانی فڕۆکە درۆنەکەی بۆردومانی نزیک کارگۆکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد. 

هەبوونی هەماهەنگی و بوونی ناوبەناوی سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لە سلێمانی بەبێ ئاگاداری ئەمەریکا نییەو مێژوەکەشی بۆ سەردەمی شەڕی داعش لە سوریا دەگەڕێتەوە کە ئەمەریکیییەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بریندارەکانی هەسەدەشیان دەگواستەوە بۆ سلێمانی بۆ تیمار کردن.

لەلای ئەمەریکا هەسەدەو پەکەکە دوو رێکخراوی جیاوازن و بە دوو رێگای جیاوازیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، لەلایەکەوە هاریکاری و بەرگری لە هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی دەکەن، لەلایەکی تریشەوە پەکەکە لەلای ئەمەریکیەکان لە لیستی " تیرۆر " دایە.    



  
  

PM:09:25:07/04/2023