پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" تا ئێستا بارانبارین زۆر باریووە و هیچ ڕووداوێکی نەخوازراویش لە هیچ شوێنێک ڕووی نەداوە".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا بەیانی ئەمڕۆ بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند" کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ ڕێگریکردن لە لافاو گیراوەتەبەر و تا ئێستاش بڕێکی زۆر باران باریووە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراویش لە هیچ شوێنێک ڕووی نەداوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت و تیمە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان.
جەختیشی کردەوە، تا ئێستا دەوامی فەرمی ڕانەگیراوە، چ لە پارێزگا بێت یان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لە کاتی پێویستدا کاتی دەوام ڕادەگرین.
لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق دەستیپێکردەوە کە بەردەوامیش تا ئەمڕۆ بە پچڕ پچڕ دەبارێت و بەپێی پێشبینییەکانی شارەزایانی بواری کەشناسیش بێت ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی سبەینێ پێنجشەممە بەردەوامی دەبێت.