ئەمساڵیش لە یادی ئەنفالدا
یەک بەرپرس بوێری نەکرد بچێتە مەراسیمەکەوە


لە یادی ٣٥ ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا ئەمساڵیش لە مەراسیمی ئەنفال  لە رزگاری نزیک کەلار و لە چەمچەماڵ، یەک بەرپرسی حکومی و حیزبی بوێریان نەکرد بەشداری مەراسیمەکە بن، پاشماوەی کەسوکاری ئەنفال داوای گەڕانەوەی روفاتی قوربانییەکانیان و چاککردنی ژیانیان دەکەن.

ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت كە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا.

تاوانی ئەنفال، هەوڵێكی بەرفراوانی رژێمی بەعس بوو، بۆ لەناوبردنی گەلی كورد لە هەرێمی  كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی بەعس لە ژێر ناونیشانی پرۆسەكانی ئەنفال و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەدام حسێن، سەرۆكی پێشووی عێراق لە نێوان مانگی شوبات تاوەكو ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ لەهەشت قۆناغدا ئەو پڕۆسەیەی جێبەجێیكرد.

قۆناغی یەكەمی ئەنفال لە ١٨ی شوباتی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و ماوەی مانگێكی خایاند، كە دۆڵی جافایەتی، دوكان، چوارتا، قەڵاچوالان و سورداشی گرتەوە. قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٨ دەستیپێكرد و ماوەی ١٠ رۆژی خایاند، سنووری پەلامارەكە ناوچەكانی قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، نەسر و دەربەندیخانی گرتەوە.

قۆناغی سێیەمیش كە بە گەورەترین و سەختترین قۆناغ دادەنرێ،‌ سنووری ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە ٧ی نیسانی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و و لە ٢٠ی نیسانی ھەمان ساڵ كۆتایی پێهات. چەمچەماڵ، سەنگاو، كفری، كەلار، قادر كەرەم، دوز و لەیلانی گرتەوە.

لە قۆناغی چوارەمی ئەنفال كە لە ٣ی ئایار ١٩٨٨ تا ٨ی ئایاری ھەمان ساڵ بەردەوام بوو، كەركووك، پردێ، تەقتەق، شوان، تەكیە، كۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر و دەشتی هەولێری گرتەوە.

دواتر قۆناغەكانی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ كۆتایی پێهات، كە ناوچەكانی دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، وەرتێ، خانەقا، چۆمان، رانیە، قەڵادزێ و بناری قەندیلی گرتەوە.

لە دوا قۆناغیشدا واتە قۆناغی هەشتەم  لە ٢٦ی ئابی ١٩٨٨دەستیپێكردووە و ١١ رۆژی خایاند، كە بادینانی گرتەوە لە  سنووری دھۆك، ئامێدی، ئەتروش، زاخۆ و كانی ماسی.



AM:11:04:14/04/2023