یەکێتی و پارتی یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە نەدانی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەی یەکتری

ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ دەستکردن بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، لە هەندێک ناوەدنی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی و هەولێر و گەرمیان و راپەڕین، کێشە بۆ خانەنشینان دروستبووە، بەرپرسانی یەکێتی و پارتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن کە بڕیاریان داوە مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی یەکتر نەدەن.

لەگەڵ قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و نەبوونی نەختینەی پارە لە بانکەکاندا، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی لە سلێمانی و هەولێر کێشەی بۆ دروستدەبێت و بڕیار بە راگرتنی دابەشکردنی مووچە لە چەندین ناوەندنی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی و هەولێر دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان لە هەندێک بنکەی دابەشکردنی مووچە دەنگدان و ناڕەزایەتی بەهۆ دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە دروستبووە.

ماوەیەکی درێژە کورتهێنانێکی زۆری پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانییدا هەیەو بەپێی دوا راگەیاندنی وەزارەتی دارایی نزیکبۆتەوە لە  یەک ترلیۆن دینار، ئەمڕۆ ناوەندەکانی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی هەولێریشی چووە سەر.

لەم نێوەدا ئەو دوو حیزبە حوکمڕانە یەکتری تۆمەتبار دەکەن، کە مووچەی خانەنشینانی یەکتری لەهەردوو زۆنگی هەولێر و سلێمانی نادەن.

لە ٢٥ ی مانگی ئازاریشەوە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێم و کەرکوک راگیراوەو، هەرچەندە عێراق بڕیاری داوە ٤٠٠ ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری بانکی هەرێم وەک قەرز، بەلآم پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا کێشەکان قورستر بکات. 
  

PM:01:05:20/04/2023