سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند،" ئەردۆغان لە مزگەوتەکانیشدا دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە و قسەکانی تەنیا درۆ و سووکایەتیکردنە".
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە تویتێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بڵاوکردەوە کە ئەردۆغان لەنێو مزگەوتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات.
دەمیرتاش وتی، " ئەردۆغان لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی ئەستەنبوڵ میتینگی جەماوەری بۆ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات. نیوەی قسەکانی درۆ و ئەوەی دیکش، سووکایەتی و ئیستیفزاز بوو. بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیان بە دین و نە ئیمانی هێشتەوە".
دەمیرتاش لە تویتەکەیدا هەروەها بانگەوازی لە دەنگدەرانی تورکیا کرد و دەڵێت، " رێگە مەدەن ئەم عەقڵیەتە ڕەشە کە وەک مۆتەکەیە، داهاتوومان تاریک بکات".
لە کاتێکدا کە سێ حەفتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، پارتە سیاسییەکان بە شێوەیەکی چالاک میتینگی جەماوەری ئەنجام دەدەن و بانگەشەیەکی توند دەستی پێکردووە.
سەلاحەدین دەمیرتاشیش لە زیندانەوە و لە رێگەی تویتەکانییەوە، لەدژی دەسەڵات، پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندید هاوپەیمانی گەل دەکات.