مەسعود بارزانی بۆ بەشداری کۆبوونەوەکەی بارەگای گۆڕانی نەکرد

هەموو سەرکردە کوردەکان لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و یاریدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە بۆ وەرگرتنی دوا بڕیار لەسەر بەشداریکردن، یان نەکردن لە حکومەتی بەغدا، بەڵام مەسعود بارزانی بەشداری نەکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەشداری نەکردنی بارزانی سەرۆکی هەرێمی ماوە بۆ درێژکراوی گەڕاندەوە بۆ چەند ئەگەر و شیکردنەوە.
ئەو سەرچاوەیەی سپی باسی لەوە کرد کە رەنگە بارزانی سەرلەنوێ نەیەوێت بەشداری لە رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکات، بەو مانایەی جارێکی تر بەغدا بەهێز بکاتەوە.

ئەم بۆچوونە ئەوەش هەڵدەگرێت کە بارزانی زیاتر بەلای ئەو ئاراستەیەی کارکردنی هەرێم ئارەزوومەندە کە کار بۆ ریفراندۆمی هەرێم و دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکات، بەتایبەتی کە کۆبوونەوەی پێشووی وەفدی دانوستانکاری کورد بارزانی لەگەڵیاندا کۆنەبوەوەو، تەنها نێچیرڤان بارزانی و فواد حسێن لەبری ئەو کۆبوونەوە لەگەڵ وەفەکەدا.

ئەو سەرچاوەیەی سپی باسی لەوە کرد کە رەنگە بەشداری نەکردنیشی بگەرێتەوە بۆ مەسەلەیەکی پرۆتۆکۆلی، کە مادام کۆبوونەوەکە لەبارەگای گۆڕانە، دەبێت نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە بکات، نەک بارزانی کەئەم مەسەلەیەش لەلایەن بارزانیەوە بە هێند وەردەگیرێت.  

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە لەهەموو حاڵەتێکدا سەرکردایەتی کورد کە ئێستا لە بارەگای سەرەکی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەتەوە، بەبێ بەشداری و ئاگاداری و را وەرگرتنی مەسعود بارزانی هیچ هەنگاوێک نانێن.



PM:06:52:08/09/2014